ئاوارەكانی خورماتوو: دەبێ حەشدی شەعبی لە خورماتوو دەربکرێن
ئاسۆ حەمەعەلی، یەكێك لە ڕێكخەرانی خۆپیشاندانەكە، ڕاگەیاند: "ژمارەیەكی زۆر لە ئاوارەكانی خورماتوو لە سنووری گەرمیانن و ئێمەش ئەمڕۆ یەكشەممە خۆپیشاندانێكمان ساز دا و خۆپیشاندانەكە لە شارەدێی ڕزگاری دەستی پێكرد و خۆپیشاندەران بە ڕێپێوان بۆ بەردەم ئیدارەی گەرمیان بەڕێ كەوتن و لەوێش یادداشتێك ئاراستەی حكوومەت دەكرێت كە ئاوڕێك لە دۆخی كوردە ئاوارەكانی خورماتوو بدرێتەوە و هەرچی زووە كار بۆ دەركردنی حەشدی شەعبی لە خورماتوو بکرێت".
هاوكات ئاسۆ حەمەعەلی، ئەوەشی خستە ڕوو: "ئێمەی كوردی خورماتوو لەلایەن حەشدی شەعبییەوە جینۆساید كراوین و لە خورماتوو چەكدارانی حەشدی شەعبی سەدان خانوو و دووكان و كارگە و چێشتخانەی كوردیان سووتاندووە و تەقاندووەتەوە، هاوكات ئێستاش ڕێگە نادەن خەڵكەكە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و لە ئاست تاوانكارییەكانی دیكەی حەشدی شەعبی لە خورماتوو، هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ناوەند بێدەنگن".
ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاكانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بەڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی یەكێتی، پەلاماری كەركووك و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان هاووڵاتیی كوردیان شەهید و بریندار كرد و نزیكەی 200 هەزار كەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، كۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سكترتێری گشتی یەكێتی لە پەیامێكدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی كارەساتەكانی كەركووك و خورماتوو لە ئەستۆی كاڵفامەكانی ناو یەكێتی دایە".
باسنیوز
