پەرلەمانتارێکی پێشووی گۆڕان: بزووتنەوەی گۆڕان دەیەوێ یەکێتی لە خشتە ببات و ئامانجی گۆڕانیش ئەوەیە کە دەسەڵاتی بەغدا بهێنێتەوە ناو کوردستان

پەرلەمانتارێکی پێشووی گۆڕان: بزووتنەوەی گۆڕان دەیەوێ یەکێتی لە خشتە ببات  و  ئامانجی گۆڕانیش ئەوەیە کە دەسەڵاتی بەغدا بهێنێتەوە ناو کوردستان
پەرلەمانتارێکی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکرای کرد، ئەو سیاسەتەی بزووتنەوەکەیان گرتوویەتیە بەر، بە ئامانجی باڵادەستکردنی دەسەڵاتی بەغدایە بەسەر سلێمانیدا. گوتیشی: ”گۆڕان دەیەوێت لە ڕێگەی ترساندنەوە یەکێتی لە خشتە ببات“.



عەبدولڕەحمان حوسێن، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند: ”ھێنانی دەسەڵاتی حکوومەتی عێراق بۆ سەر کوردستان جگە لە زیان، ھیچی دیکە نییە و ڕۆژێک دەبێ بەھۆی ئەم دەستانەوە بگەڕێنەوە بۆ پێش ساڵی 1972“.



ئەوەشی ڕوون کردەوە. ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان لەم سیاسەتەی بەردەوام بێت، ئەوا کارەساتێکی وا بەسەر کوردستاندا دێت کە خۆیان نەتوانن کادیرێکیان بێننە سەر شاشە و قسەش بکات، چونکە ”بەغدا ھەمان عەقڵیەتی عەرەبیی شۆڤێنی ھەیە و دەیەوێت پێکھاتەی کوردستان نەمێنێت“.



پەرلەمانتارەکەی پێشووی گۆڕان داوای لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد، وریا بێت و گۆڕان لە خشتەی نەبات و نەیخاتە ژێر سیاسەتەکەی خۆیەوە.



ئەوەشی دووپات کردەوە: ”دەبێ سەرجەم ھێزە کوردستانییەکان یەکدەنگ بن، ئەگەرنا وەک چۆن بەغدا کار لەسەر یاریی راکێشانی حزبە کوردستانییەکان دەکات، بەم جۆرەش ڕەنگە بیانکڕێت، بۆیە قۆناغی ئێستا وەک چەند ساڵ لەمەوبەر نییە و بەغدا تادێت قۆرخکاریی زیاتر لە دەسەڵاتدا دەکات“.



ئەم لێدوانەی پەرلەمانتارەکەی پێشووی گۆڕان لە کاتێکدایە کە چاودێران جەخت لەوە دەکەنەوە، بزووتنەوەی گۆڕان هەموو دەرفەتێک دەقۆزنەوە، تاوەکوو داوا لە بەغدا بکەن، دەستێوەردان لە کوردستاندا بکات. لە دوایین هەڵوێستیشدا، دوای ئەوەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەڵمەتێکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ڕاگەیاند، هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان داوای لە عەبادی کرد، هەڵمەتەکەی لەناو کوردستانیش ئەنجام بدات، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان لەم ڕوانگەیەوە تارادەیەک سەربەخۆیی هەیە و دەستەی دەستپاکیی تایبەت بە خۆی هەیە.




باسنیوز
Top