گرووپە خیانەتکارەکەی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتی فشار دەخەنە سەر باڵی کۆسرەت ڕەسوڵ

 گرووپە خیانەتکارەکەی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتی فشار دەخەنە سەر باڵی کۆسرەت ڕەسوڵ
گرووپە خیانەتکارەکەی 16ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ئێستا کار بۆ ئەوە دەکەن، لەژێر ناوی ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی پلان بۆدانراوی خۆیاندا دەست بەسەر یەکێتیدا بگرن، فشار لەسەر باڵی کۆسرەت رەسول عەلی لەنێو حزبەکەیان دروست دەکەن.



بەپێی زانیارییەکان، فشاری جۆراوجۆر لەلایەن گرووپی خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە لەسەر سەرکردەکانی نزیک لە کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەیە، تاوەکوو بەو وادەیە ڕازی ببن کە گرووپەکە بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی یەکێتی دیاری کردووە.



لەو چوارچێوەیەدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کە بە پاڵپشتیکردنی بۆ ئەو گرووپە ناسراوە، لە وتارێکیدا ڕەخنەی توندی ئاراستەی سەرکردەکانی نزیک لە جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی کردووە و بەوە تۆمەتباری کردوون کە ئامادە نین پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ کۆسرەت ڕەسول ئەنجام بدەن و لەبارەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی حزبەکەوە پرسیاری لێ بکەن. ئەوەش ناشارێتەوە کە بەهۆی ئەو سەرکردانەوە، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی کە ژمارەیەکیان لەژێر کاریگەریی گرووپە خیانەتکارەکەی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتی دان، ناتوانێت کۆببێتەوە.



لە کۆتاییشدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد نایشارێتەوە کە گرووپە خیانەتکارەکەی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتی بڕیاری کۆتایی خۆیان لەبارەی وادەی کۆنگرەی حزبەکەیان داوە و ڕۆژی 31\1\2018یان بۆ کۆنگرە دەستنیشان کردووە. لەو چوارچێوەیەشدا دەڵێت: ”نە سەرکردایەتی و نە ئەنجومەنی ناوەندی، کاتێکی زۆریان لەبەردەستدا نەماوە بۆ دیاریکردنی کاتی کۆنگرە، ڕۆژ بە ڕۆژ لە 31/1 نزیکتر دەبینەوە“.



پێشتر فەرید زامدار، نووسەر و ئەندامی پێشووی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی کە دۆستی مام جەلال بووە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، گرووپێک لە دەرەوەی شەرعیەتی کۆنگرەی یەکێتی، دەیانەوێت کۆنتڕۆڵی ئەو حزبە بکەن و بڕیار بدەن، بەڵام ”ئەمە ھەڵەی سەرکردایەتیی یەکێتییە، چونکە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نەماوە، لادانی مەکتەبی سیاسیشی لە رێگای دەزگایەکی داپڵۆسێنەری ئەمنی و فرتوفێڵەوە بووە بۆ چەککردنی ئەو دەنگانەی کە یەکێتیی راستەقینە بوون“.



زامدار پێیوایە جەماوەری یەکێتی هاوشێوەی مەکتەبی سیاسیی حزبەکە ”بێ دەنگ کراون و کەس ناوێرێت سەر دەربھێنێت، کەس ناوێرێت بڵێت ئێوە خیانەتێکی گەورەتان کرد و ئێستاش قسە دەکەن و دێنە پێشەوە“. دووپاتیشی کردەوە: ”بەڕوونی دیارە لە کەرکووک خیانەتەکەیان چۆن کرد، ئێستاش خۆیان بەخۆیان دەڵێن دەسەڵاتی پۆلیسێکیان لە کەرکووک نییە".



ئەم هەڵوێستەی گرووپە خیانەتکارەکەی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتی لە کاتێکدایە، کۆسرەت ڕەسول عەلی کە دوای تاڵەبانی، بە دیارترین سەرکردەی یەکێتی دەزانرێت، لە ژێر چارەسەری تەندرووستی دایە و چاودێران پێیانوایە ئەم پێداگرییەی گرووپەکە، قۆستنەوەی نەخۆشکەوتنەکەی کۆسرەت ڕەسولە.



خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، ئەو ناوەیە کە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو بەسەر گرووپێکی نێو یەکێتیدا ساخ بووەوە کە ڕێککەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ میلیشیاکانی سەر بە ئێران کرد و (کەرکووک، خورماتوو و خانەقین)یان ڕادەستی میلیشیاکان کرد. بەو هۆیەشەوە سەدان هەزار کورد ئاوارە بوون و سەدان کەسیش شەهید و بریندار بوون. دواتریش لە ڕژی 18ی ئۆکتۆبەردا کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و ئاشکرای کرد: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو دەکەوێتە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی“.




باسنيوز
Top