ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان: ستراتیژی تایبەتمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی هەیە

ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان: ستراتیژی تایبەتمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی هەیە


ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، لە هەرێمی كوردستان، 16 ڕۆژ دیاری دەكرێت بۆ هەڵمەتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان.


ئەمڕۆ شەممە 25/11/2017، پەخشان زەنگەنە، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای خانمان بە ڕاگەیاند: "هەرچەندە ئاماری توندوتیژی دژی ئافرەتان لەلای بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژ بە ئافرەتانە لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئێمە لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرت و وردبینیانەی خۆمانەوە سیاسەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دادەڕێژین، هەر بۆیە لە هەرێمی كوردستان بایەخێكی زۆر بەم بابەتە دەدرێت".


ڕۆژی 25ی نۆڤەمبەری هەموو ساڵێك بە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دانراوە، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان دەڵێت: "لە هەرێمی كوردستاندا 16 ڕۆژ تایبەت دەكرێت بە هەڵمەتی نیشتیمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان".


ڕوونیشی كردەوە كە ئەمڕۆ شەممە، 25/11/2017، ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان بە هاوكاری چەند ڕێكخراوێكی خێرخوازی پێداویستیان بۆ ئافرەتانی میوانانی كەركووك و خورماتوو و ناوچە كوردستانییەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بردووە كە بە هۆی بوونی میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە ناوچەكانی خۆیان جێ هێشتووە.


ئەوەشی خستەڕوو، كە ئێستا توندوتیژی لە چواردەورمان لە هەموو ڕوویەكەوە زیادی كردووە، دەشڵێت: "لەلایەن هاوبەشەكانمان لە عێراق توندوتیژی سیاسی بەرامبەر ژنە پەرلەمانتارەكانمان دەكرێت".

bas news-
Top