ھێمن ھەورامی پەیامی سەرۆک بارزانی گەیاندە کونسوڵخانەی میسر
ئەمڕۆ شەممە، بەرپرسی کاروباری سیاسی و پەیوەندییە گشتییەکانی نووسینگەی سەرۆک بارزانی، پەیامی ھاوخەمیی سەرۆک بارزانی، گەیاندە کونسوڵخانەی میسر لە ھەولێر.
ئەمڕۆ شەممە 25/11/٢٠١٧، ھێمن ھەورامی، بەرپرسی کاروباری سیاسی و پەیوەندییە گشتییەکانی مەکتەبی سەرۆک بارزانی، پەیامی ھاوخەمیی سەرۆک بارزانی، لەبەرامبەر کردەوە تیرۆریستییەکەی میسر، گەیاندە کونسوڵخانەی میسر لە ھەولێر.
ھێمن ھەورامی، پەیامی ھاوخەمیی سەرۆک بارزانی، لە ڕێگای عومەر فەھمی، کونسوڵی میسر لە ھەولێر، گەیاندە گەل و حکوومەتی میسر، سەبارەت بەو کارەساتەی رۆژی ھەینی 24/11/2017، کە لە یەکێک لە مزگەوتەکانی پارێزگای باکووری سینای میسر، لە ڕێگای کردەوەیەکی خۆکوژی تیرۆریستیەوە ئەنجام درا.
لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا، سەرەڕای ھاوخەمی و ئیداناکردنی ئەو کردەوە تیرۆریستیەی کە بەھۆیەوە تا ئێستا ٣٠٥ شەھید و ١٩٧ برینداری لێ کەوتووەتەوە، ئامادەی ھەموو جۆرە ھاوکارییەکی نیشاندا.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا تیشک خراوەتە سەر ئەو ڕەوشەی کە ناوچەکەی تێکەوتووە و بەھۆیەوە وەھا بۆشاییەک دروست بووە کە تیرۆریستان وەک ناوچەیەکی لەبار بۆ مەرامە تیرۆرییەکانیان بەکاری دەھێنن و تێڕوانینە ھزرییەکانی تیرۆریستان سنوور نابینن، بۆیە لە ھەر گونجێکی ئەم دونیایەدا تیرۆریستێک ھەبێت، دەبێتە مەترسی بۆ مرۆڤاییەت لە دونیادا.
ھەر ئەمەش وایکرد کە گەلی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکانمان لە سنوورەکانی کوردستانەوە ھزری ئاوەژووگەرایی تیرۆریستانی تێکشکاندوو بە دونیای ئازادی وت، ئێمە پارێزەری ئازادی و ژیانین.
عومەر فەھمی، کونسوڵی میسر لە ھەولێر، زۆر سوپاسی ئەو ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی کرد و ئەم بەدەمەوەھاتنەی سەرۆک بارزانی، بۆ گەلی میسر جێگای بایەخە و بەناوی گەلی میسر و حکوومەتەکەیەو سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد.
bas news-
