پەرلەمانتارێک: میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەستدرێژییان کردووەتە سەر کچان و ئافرەتان
بڕیاردەری لێژنەی داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکات کە لە سنووری کەرکووک و خورماتوو میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەستدرێژییان کردووەتە سەر کچان و ئافرەتان.
حەیات مەجید، بڕیاردەری لێژنەی داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند: "میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە سنووری کەرکووک و خورماتوو دەستدرێژییان کردووەتە سەر ئافرەتان، تەنانەت باوکێک باس لەوە دەکات کە کچەکەی بە بەرچاوییەوە، لە لایەن میلیشیاکانەوە دەستدرێژی کراوەتە سەری".
ئەو پەرلەمانتارە ئاشکراشی کرد، کە ئەو چەکدارانە بە شێوەیەکی دڕندانە مامەڵە دەکەن و چەندین خێزانی تر ھەیە لە پێش چاوی ئەندامانی دیکەی خێزانەکەیانەوە دەستدرێژی کراوەتە سەر ئافرەتەکانیان، ئەمەش یەکێکی ترە لەو توندوتیژیانەی کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە سنووری کەرکووک و خورماتوو و شوێنەکانی تر ئەنجامی دەدەن و پێویستە ڕێگە لەو کردەوەیان بگیردرێت.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا، دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
bas news-
