عادل باخه‌وان بۆ فوئاد مه‌عسوم: له‌بری سلێمانی سه‌ردانی واشنتۆن بکه سه‌رۆک
توێژه‌رێكى كورد له نووسینێكدا له‌ژێر ناونیشانى" له‌بری سلێمانی سه‌ردانی واشنتۆن بکه سه‌رۆک!"، نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ى سه‌رۆك كۆمارى عێراق ده‌كات و داواى لێده‌كات، له برى سلێمانى، بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى كوردستان، سه‌ردانى واشنتۆن و پاریس و له‌نده‌ن، بكات.
عادل باخه‌وان، توێژه‌ر و نووسه‌رى كورد، له نووسینێكدا، كه له په‌یجی تایبه‌تى خۆى له (فه‌یسبووك) بڵاوی كردووه‌ته‌وه، له‌باره‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى (فوئاد مه‌عسووم)، سه‌رۆك كۆمارى عێراق، بۆ سلێمانى، نووسیویه‌تى: "له کاتێکدا که حکوومه‌ته شیعیه‌که‌ی به‌غای حه‌شدی شه‌عبی، ئاسمان و زه‌وی به‌سه‌ر کوردستاندا داخستووه و ته‌نانه‌ت ڕێگا نادات که وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیاش سه‌ردانی کوردستان بکات، سه‌رۆک تازه خول خول بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، دێته‌وه بۆ سلێمانی".
ئه‌و توێژه‌ره، داوا له فوئاد مه‌عسووم ده‌كات، بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى كوردستان، سه‌ردانى واشنتۆن و پاریس و له‌نده‌ن بكات، ده‌شنووسێت: "سه‌رۆک، چاره‌سه‌ری کێشه‌کان له واشنتۆنه، له پاریس و له‌نده‌نه، له ئه‌نقه‌ره و تاران و ڕیازه. تۆ چی ده‌که‌یت له سلێمانی ؟ تۆ بۆ دێیت بۆ سلێمانی".
ئه‌و نووسه‌ره ناوى چه‌ند سه‌ركرده و كه‌سایه‌تی و په‌رله‌مانتارێكى كورد ده‌هێنێت و له‌وباره‌یه‌وه نووسیویه‌تى: " دڵنیام گه‌ر له‌بری تۆ ئه‌وان سه‌رۆک ببوایه‌ن، عه‌بادی نه‌یده‌توانی به‌و شێوه‌یه له‌گه‌ڵ کوردستاندا مامه‌ڵه بکات. چه‌ند گوناهین ئێمه که تۆ سهرۆکمانیت!".
فوئاد مه‌عسووم، سه‌رۆك كۆمارى عێراق، به مه‌به‌ستى هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان حكوومه‌ته‌كه‌ى عه‌بادى و هه‌رێمى كوردستان، سه‌ردانى شارى سلێمانى كرد و بڕیاریشه سه‌ردانى هه‌ولێر بكات. ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه كه ڕه‌خنه‌یه‌كی زۆر له سه‌رۆك كۆمار ده‌گیرێت، به‌وه‌ى له كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، وه‌كو سه‌ركرده‌یه‌كی كورد ڕۆڵى نه‌بینیوه.
bas news-
