تۆزەکەی سەر دەستووری عێراق به‌مزووانه‌ لا ده‌برێت؟

تۆزەکەی سەر دەستووری عێراق به‌مزووانه‌ لا ده‌برێت؟
کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، حکوومەتەکانی بەغدا و هەولێر هان دەدەن لەسەر بنەمای دەستوور دەست بە دانوستان بکەنەوە، بەڵام دیار نییە بەپێی شرۆڤه‌ی کام لایەن لە دەستوور ئەو پرۆسەیە دەست پێیکەن. سەرەڕای هاندانی نێودەوڵەتی، پەرلەمانتارێکی کورد پێی وایە، تا هەڵبژاردنی داهاتوو بەغدا و هەولێر لە دەوری مێزێک کۆ نابنەوە.

بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان، لەشکرکێشیی حکوومەتی عێراقی بۆ سەر کوردستان لێ کەوتەوە و لە دەرەنجامدا، بۆ ماوەی چەند رۆژێک پێکدادانی سەربازی لە نێوان سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لەلایەک و هێزی پێشمەرگە لەلایەکی دیکەوە، رووی دا.

ئەو شەڕانە تەنیا چەند رۆژێکیان خایاند و دواتر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی داوای لە حکووتەکانی بەغدا و هەولێر کرد بەپێی دەستووری عێراق، دانوستان بکەن. لایەنی نێودەوڵەتی بە روونی لە بەیاننامە و لێدوانەکانیاندا جەختیان کردووەتەوە کە خوازیاری "کوردستانێکی بەهێز"ن لە چوارچێوەی "عێراقی یەکگرتوو"دا و دانوستانەکانیش لەسەر بنەمای "دەستوور" بێت.

ئەو داوایەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە، ئەویش لێكدانه‌وه‌ی جیای لایەنەکانە بۆ مادە دەستوورییەکانی عێراق.

(نەدا مێرگەسۆری) بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێی وایە، حکوومەتی بەغدا نیازی جێبەجێکردنی دەستووری نییە. ئەو، وەک پاڵپشتییەک بۆ قسەکانی، باس لەوە دەکات کە تا ئێستا ٥٥ مادەی دەستووری جێبەجێ نەکراون، سەرەڕای ئەوەی ئەو ئەرکە لەسەر شانی حکوومەتی بەغدا بووە.

(مێرگەسۆری) هاوکات رەخنە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش دەگرێ و بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "حکوومەتی بەغدا پێش لە ریفراندۆم و دوای ریفراندۆمیش، ئامادەی دانوستان لەگەڵ هەولێر نەبووە و نییە. ئەوە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زیاتر گوشار بۆ سەر هەولێر دێنن نەک بەغدا. خۆی دەبێ ئێستا بەغدا دەستپێشخەر بێت بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان."

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) چەندین جار رایگەیاندووە کە حکوومەتەکەی ئامادەی دانوستانە لەگەڵ بەغدا، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێک لەلایەن بەغداوە نەدراوەتەوە.

(نەدا مێرگەسۆری) دەڵێ، "بە ڕای من، زۆر زەحمەتە تا هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هیچ دانوستانێکی جیددی لە نێوان حکوومەتەکانی بەغدا و هەولێر بکرێ، چونکە ئێستا (حەیدەر عەبادی) دەیەوێ لەسەر بنەمای دژایەتیی هەرێمی کوردستان، پێگەی خۆی بەهێز بکات و ڕای شەقام لە بەرژەوەندیی خۆیدا بجووڵێنێت."

بڕیارە رۆژی ١٥ی ئایاری ساڵی دادێ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت.

متمانە بە دادگای فیدراڵی بکرێت؟
کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای دەستوور داوای دانوستان لە نێوان بەغدا و هەولێر دەکات، بەڵام سیاسەتمەدارانی کورد لەوە نیگەرانن کە ئەو دادگایە بە هۆی هەژموونی شیعەوە، بڕیارەکان لە بەرژەوەندیی حکوومەتی بەغدادا بدات. کورد تێبینی جیددی دەستووری و یاسایی لەسەر ئەو دادگایە هەیە، بۆیە نیگەرانە لەوەی دەشێ متمانە بەو دادگایە بکرێت یان نا.

دوابڕیاری ئەو دادگایه‌ لەسەر "نادەستووریبوونی ریفراندۆمی کوردستان"، رووبەڕووی هەڵوێست و رەخنەی جیددی شارەزایانی یاساییی کورد بووەوە و لەو کاتەدا بوو کە دیسان سیاسەتمەدارانی کورد گوتیان "ئەوە بڕیارێکی چاوەڕوانکراو بوو بۆ ئێمە، چونکە دەمانزانی ئەو دادگایە لەژێر هەژموونی شیعەدایە و بڕیارەکانیشی لە بەرژەوەندیی حکوومەتی بەغدادا دەبێت."

بەپێی دەستوور، ئەرکی ئەو دادگایە یەکلاکردنەوەی کێشەکانی نێوان حکوومەتی بەغدا لەگەڵ هەرێم و پارێزگاکانی عێراقە.

(زانا رۆستایی) ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر بنەمای داوای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دانوستانی حکوومەتەکانی بەغدا و هەولێر بەپێی دەستوور، پێی وایە ئێستا "کورد دەبێ چالاکانە لە دادگای فیدراڵیدا بوونی هەبێ" و لە رێگەی تیمێکی شارەزای یاساییەوە، پشتگیری لە شرۆڤه‌ی خۆی بۆ ماددە دەستوورییەکان بکات.

(رۆستایی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "دادگای فیدراڵی تەنیا هێزی یەکلاکەرەوەیە بۆ تەفسیرەکانی دەستووری عێراق. ئێمە لە رێگەی ئەو دادگایەوە دەتوانین پارێزگاری لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکەین."

دادگای فیدراڵی لە نۆ ئەندامی پێک دێت و نزیکەی سێ ساڵ و نیوە یاسای ئەو دادگایە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، بەڵام تا ئێستا بڕیاری لەسەر نەدراوە و وەک (نەدا مێرگەسۆری) دەڵێ، "ئێستا تۆزی لێ نیشتووە." زۆرینەی شیعەی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەوڵی ئەوەیان داوە دادگای فیدراڵی بە دوو لەسەر سێی دەنگەکان بڕیارەکانی پەسند بکات، بەڵام کورد ئەوەی رەت کردووەتەوە و پێی باش بووە بڕیاردان بە تێکڕای دەنگەکان بێت.
kdp-
Top