شنگالییەکان لەبەر حەشدی شەعبی ژیانیان لێ تاڵ بووە

شنگالییەکان لەبەر حەشدی شەعبی ژیانیان لێ تاڵ بووە
قایمقامی شنگال دەڵێت، ئێستا ژیان و گوزەرانی خەڵکی شنگال لە خراپترین ئاستی ژیاندایە بە هۆی کردوەکانی حەشدی شەعبییەوە.

لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە حەشدی شەعبی هێرشی کردە سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەروەی ئێدارەی هەرێم و شنگالیش یەکێک بوو لەو ناوچانە و ئێستا حەشدی شەعبی زۆر پێشێلکاری لەدژیان دەکات. پەیوەست بەمەش، (مەحەما خەلیل)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێستا لە هەموو ڕوویەکەوە ژیان و گوزەرانی خەڵکی شنگال لەبەر کردوەکانی حەشد لە خراپترین ئاستی ژیاندایە و خەڵک ناتوانن هیچ شتێک بکەن و باری دەروونییان زۆر خراپە و خەڵک پێویستیان بە زۆر شتە، بەڵام بە هۆی حەشدی شەعبییەوە هەموو ڕێگاکان داخراون و خەڵکی شنگال ناتوانن بچنە مووسڵیش، چونکە ڕێگای شنگال بۆ مووسل زۆر مەترسیدارە و ڕێی دهۆکیشیان داخستووە.''

(مەحەما خەلیل) گوتیشی: ''حەشدی شەعبی تەنیا بە کاری سەربازییەوە سەرقاڵە و هیچ ئاگایان لە خزمەتگوزاری نییە، ئێستا وەرزی زستانە و دیارە خەڵکی شنگال پیویستیان بە گازە، بەڵام ئەوان ناتوانن پێداویستیی ژیانی خەڵک دابین بکەن، چونکە ئەوان هێچ ئاگایان لە خەڵک نییە و هەر بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان هاتوون.''

قایمقامی شنگال دەربارەی ڕێکخراوە مرۆییەکان گوتیشی: ''ڕێکخراوە مرۆوییەکان لە ترسی حەشدی شەعبی ناتوانن بچنە شنگال، پێشتر چەندین ڕێکخراوی مرۆیی هەبوون، هاوکاریی خەڵکیان دەکرد، بەڵام ئێستا نەماون و ڕەوشی خەڵکیش تێکچووە، و ژیانی خەڵک تاڵ بووە.''
kdp-
Top