نوێنەری کریستیانەکان: بۆ دەوڵەمەندکردنی یاسای پێکهاتەکان داوای هەموارکردنەوەمان کردووە

 	 نوێنەری کریستیانەکان: بۆ دەوڵەمەندکردنی یاسای پێکهاتەکان داوای هەموارکردنەوەمان کردووە
ژمارەیەک ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی پڕۆژەیەکیان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی یاسای پاراستنی پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان ھەموار بکرێتەوە، نوێنەرێکی کریستیانەکانیش دەڵێت، داوامان کردووە جارێ یاساکە جێبەجێ بکرێت، دواتر بۆ دەوڵەمەندکردنی ھەموار بکرێتەوە.

لە ھەرێمی کوردستان ژمارەیەک پێکھاتەی نەتەوەیی و ئایینیی جیاواز ھەن و لە دێرزەمانەوە ھەرێمی کوردستان وڵاتی پێکەوەژیانی بۆچوونە جیاوازەکان بووە، بەڵام پەرلەمانی کوردستان لە ڕێگەی دەرکردنی یاسایەکەوە توانی پاراستنی پێکھاتەکان بە یاسای ڕێک بخات، لەم بارەیەوە، دکتۆر (سروود سەلیم)، نوێنەری کریستیانەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''یاسای پاراستنی مافی پێکھاتەکان لە ساڵی ٢٠١٥ لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرکراوە، ئێستا کۆمەڵێک ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی دەیانەوێت ڕاستکردنەوەی بۆ بکرێت، حەفتەی ڕابردوو کۆبوونەوەیەک لە شاری ھەولێر بۆ مەبەستی ھەموارکردنەوەی یاسای پێکھاتەکان بەڕێوە چوو، لەو کۆبوونەوەیەدا ئێمە بە ڕاشکاوی ئەوەمان خستە ڕوو، پێویستە یاساکە جێبەجێ بکرێت، دواتر ڕاستکردنەوەی بۆ بکرێت، چونکە ھێشتا یاساکە جێبەجێ نەکراوە، تا زیاتر بزانین کەموکورتییەکەی لەکوێدایە بۆ ڕاستکردنەوەکە، ئەوانەشی داوای دەکەن ھەموارکردنەوەی بۆ بکرێت زیاتر بۆ دەوڵەمەندکرنی یاساکەیە.''

پێکھاتەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست زیاتر لە ھەرێمی کوردستان ھەست بە ئارامی و پاراستنیان دەکەن و کلتووری کوردستان ڕێگە بە توندوتیژیی جیاوازیی نێوان ئایین و نەتەوەکان نادات. دکتۆر (سروود سەلیم) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''ئەگەر یاساکە ھەموار بکرێتەوە زیاتر لە دوو خاڵدایە، یەکەم وشەی پێکھاتەکان بگۆڕدرێت بۆ کەمەنەتەوە و ئایینەکان، چونکە ئەمە زیاتر لە ڕووی سیاسییەوە وشەیەکی جیھانییە و مانای زیاتر دەبەخشێت بۆ پاراستنی کەمەنەتەوە و ئایینەکان، ھەروەها سزا دابنرێت بۆ ئەوانەی سەرپێچیی یاساکە دەکەن، لەبەر ئەوەی ئێستا لە یاساکەدا ھیچ سزایەک دیاری نەکراوە بۆ ئەوانەی سەرپێچی دەکەن، ئەوەش خاڵێکی گرینگە لە داھاتوودا بۆ پاراستنی پێکھاتەکان، بۆ ئەوەی لە ڕووی یاساییەوە ڕێگری بکرێت لەوەی کەس بۆی نەبێت پێشێلی یاسا بکات.''
kdp-
Top