سەرۆککۆماری عێراق ئامانجی سەردانەکەی بۆ کوردستان ئاشکرا کرد

 	 سەرۆککۆماری عێراق ئامانجی سەردانەکەی بۆ کوردستان ئاشکرا کرد
(فواد مەسعووم) سەرۆککۆماری عێراق لە کاتی سەردانی گڵکۆی (جەلال تاڵەبانی) سکرتێری پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، ئامانجی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد کە سێ خاڵ لەخۆ دەگرێت.

سەرۆککۆماری عێراق سەردانی شاری سلێمانی کرد و وەک خۆی باسی کرد، بەرنامەی سەردانی بۆ هەولێر و کەرکووکیش هەیە. ئەو، بە رۆژنامەنووسانی گوت، "سەردانەکەم سێ خاڵ لەخۆ دەگرێت. یەکەم دۆخی ناوخۆی یەکێتییە و دەبێ هەوڵ بدەین بۆ ناوبانگ و هیزی جاران بگەڕێتەوە. دووەم مەبەستم، دۆخی شاری کەرکووکە و دەبێ ئارام ببێتەوە. تەوەری سێیەمیش پێوەندی نێوان بەغدا و هەولێرە و هیوادارم بگەینە ئەنجامی باش."

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، لیژنەیەکی تایبەتمەندی پێکهێناوە بۆ ئەو پێشێلکاریانەی لەسەر دەستووری عێراق کراوە. (فواد مەعسووم) دەڵێ، "کۆمەڵێک پێشێلکاری دەستووری لە پێش و پاش ریفراندۆم کراون و لیژنەکە لێیان دەکۆڵێتەوە و لە دژی هیچ دەزگا و کەس و لایەنێک نییە."
هاوکات سەرۆککۆماری عێراق، ئاماژەی بەوەش کرد کە لیژنەکە جیا لە پێشێلکارییە دەستوورییەکە، لە هەموو ماددە دەستوورییەکان و جێبەجێکردنیان دەکۆڵێتەوە.
kdp-
Top