شاخەوان عەبدوڵا: نابێت بەبێ مەرجی گەڕانەوەی ئاوارەکان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکەین
شاخەوان عەبدولڵا، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، لە پۆستێکدا لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسیویەتی: "شەرمە بۆ سەرکردایەتیی پارت و لایەنە سیاسییەکان، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆک کۆماری عێراق، وتوێژ و دانووستاندن لەگەڵ حکوومەتی عێراق ئەنجام بدەن، بەبێ ئەوەی مەرجی گەڕانەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە، ئاوارەکانی خورماتوو، خانەقین، کەرکووک، مەخموور و تا دەگاتە سنجار".
ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی خستوەتەڕوو، کە سەرکردایەتیی کوردستان لە ئەمڕۆوە، تاوەکو یەک ھەفتەی دیکە دەتوانن پێشمەرگەو خەڵکی ئەو ناوچانە بگەڕێننەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان تەنیا بە ھەڕەشەی کشانەوەی کورد لە پڕۆسەی سیاسی عێراق، دەشڵێت: "ھەفتەی رابردوو بینیمان کاتێک کورد ھەڕەشەی کشانەوەی کرد لە بەغدا لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی کورد لە بودجەی عێراق، ئێستا حکوومەت بەو بڕیارەی خۆی چووەتەوە ڕێژەکەی چاک کرد".
بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەش داوە، کە پرسیارەکە ئەوەیە ئەمڕۆ ٤٠ رۆژ بەسەر ھاتنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ ناوچەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت، تائێستا ئەو کارتی کشانەوە بەرامبەر بەغدا بەکار نەھاتووە بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە و ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان، کە ئێستا لە دۆخێکی خراپدا دەژێن، ئەمە جگە لەوەی دۆخی کورد لەو ناوچانە گەڕاوەتەوە بۆ پێش روخانی رژێمی سەدام، نەک بۆ پێش ٢٠١٤ کە حکوومەتی عبادی ئیدعای بۆ دەکرد، گوتیشی: "نازانم تاکەی خەمی ئێمە خەمی پارە بێت و خەمی خاک نەبێت".
شاخەوان عەبدولڵا، ئەوەشی نووسیوە: "دەیان پەرلەماتار و وەزیرمان لە بەغدا ھەیە، تا ئێستا جورئەتی ئەوایان نەکردووە ئەوەی لە خورماتوو و ئەو ناوچانە رودەدات بە تاوان لە قەڵمی بدات، چ جای بەدواداچوونی بۆ بکەن".
باسنيوز
