ڕێناس جانۆ: چاوەڕوان دەکرێت وڵاتان کاردانەوە بەرامبەر بە عەبادی بنوێنن

 ڕێناس جانۆ: چاوەڕوان دەکرێت وڵاتان کاردانەوە بەرامبەر بە عەبادی بنوێنن
ئەندامێکی لێژنەی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی گوێنەدانی حکوومەتی عێراق بەرامبەر بە داواکاریی وڵاتان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، چاوەڕوان دەکرێ وڵاتان کاردانەوەیان بەرامبەر بە عەبادی هەبێت.

ڕێناس جانۆ، ئەندامی لێژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: ”ئەوە ئێمە تێبینیمان کرد جاری یەکەم نییە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، رێگری لە ھەر کەسێک دەکات کە بیەوێت دەرگای دانووسان لەنێوان ھەولێر و بەغدا بکاتەوە، ئەمە خۆی لەخۆیدا جێگای پرسیارە، عەبادی بۆ نایەوێت گفتوگۆ بکات؟ لەکاتێکدا کوردستان ئاسانکاری کردووە بۆ گفتوگۆ“.

ڕوونیشی کردەوە کە هەوڵەکانی ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، هەروەها هەوڵەکانی (ئەمریکا، ئەڵمانیا و بەریتانیا بۆ دەست پێکردنی دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامە، بەڵام حکوومەتی عێراق گفتوگۆکردن رەت دەکاتەوە. گوتیشی: ”ئەم کاردانەوەی عەبادی رەنگە کاردانەوە بەدوای خۆیدا بھێنێت".

جەختیشی لەوە کردەوە کە لە ڕۆژنامەکانی ئەڵمانیا باس لەوە کراوە کە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە نیاز بووە بێتە عێراق و دواتر سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕەتی کردووەتەوە. گوتیشی: ”رەتکردنەوەی ئەو سەردانەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، بە ئاسانی بەسەر عەبادیدا تێناپەڕێت“.









باسنیوز
Top