میلیشیاکانی نێو حەشدی شەعبی هەوڵی لادانی بەرپرسێکی یەکێتی لە پۆستەکەی دەدرێت
شەلال عەبدول، قایمقامی خورماتوو ڕایگەیاند: "ھەوڵێک لە لایەن بەشێک لە تورکمانەکانی خورماتووەوە ھەیە بۆ ئەوەی لە پۆستەکەمم دوور بخەنەوە و کەسێک لە نەتەوەی تورکمان بخەنە جێگەکەم، بۆ ئەوەش لە ڕێگای ئەنجومەنی قەزا و حکوومەتی ناوەندییەوە ھەوڵەکانی خۆیان خستووەتە گەڕ، بەڵام پێموایە پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لەگەڵ ئەوەدانین ئێستا گۆڕانکاری لە پۆستی قایمقامی خورماتوودا بکرێت".
قایمقامی خورماتوو باس لەوەش دەکات کە ڕۆژێک دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر مۆڵەتی بە نووسراوی فەرمی وەرگرتووە و تا ئێستا ئەو قایمقامی یاسایی خورماتووە، دەشڵێت: "بە پێی ڕێککەوتن پۆستەکانی خورماتوو بەسەر ھەر سێ نەتەوەی کورد، عەرەب و تورکماندا دابەش کراوە، بەڵام لە دوای ڕووداوەکانی ئەم دوایەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی قەزا لە کارەکەی لابراوە و بەڕێوەبەری فەرمانگەکان فشاریان خراوەتە سەر بۆ ئەوەی بەردەوامبن لەسەر وەرگرتنی مۆڵەت".
ڕوونیشی کردەوە حکوومەتی ناوەندی بەرپرسیاری سەرەکی ئەم ڕووداوانەیە، چونکە ھەر گۆڕانکارییەک کە دەکرێ دەبێت بە پێی یاسابێت، دەشڵێت: "حکوومەتی عێراق یاسا و دەستوور بە پێی بەرژەوەندی خۆی شی دەکاتەوە".
پێشتر ئەمیر خواکەرەم، قایمقامی داقووق ڕایگەیاندبوو: " ئەنجومەنی قەزای داقووق لەژێر ھەڕەشەی چەکداراندا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام داوە و تێیدا بڕیار دراوە و لە پۆستەکەم دوور خراومەتەوە".
ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
باسنیوز
