کورد داوای ھەموارکردنەوەی یاسایی دادگای فیدراڵی دەکات
رێزان شێخ دلێر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند: "دادگای فیدراڵی لە نۆ ئەندامی پێک دێت و نزیکەی سێ ساڵ و نیو،ە یاسای ئەو دادگایە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، بەڵام تا ئێستا بڕیاری لەسەر نەدراوە، چونکە شیعە، سوننە و کورد رێککەوتنیان لەو بارەوە نەکردووە، تا یاساکە لەپەرلەمان تێپەرێنرێت".
ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی خستە روو، کە ئەو ئەنجومەنە پێشووتر خۆی یاسای ھەبووە، بەڵام ئەگەر یاساکە چاک بکرێت کە ھەندێک خاڵی تێدایە پێویستی بە گۆڕانکارییە، ئەوە دەبێت رێککەوتنی لەسەر بکرێت و ئیستاش داواکراوە یاسایەک بۆ دادگای فیدراڵی دابنرێت.
ئاشکراشی کرد، کە بەداخەوە ھەندێک لایەن خۆیان بە شتی لاوەکییەوە خەریک دەکەن لەپەرلەمان ئەوەندە گرنگی بەم یاسایانە نادەن، بەتایبەت کوتلەی شیعە، ئەگەر بیانەوێت یاسایەک نەڕوات ئاوا گرنگی پێنادەن.
رێزان شێخ دلێر، گوتیشی: "دەبێت لایەنەکانی شیعە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان رێککەون تا بتوانن یاسای دادگای فیدرالی پەسەند بکرێت بەڵام ئاستەمە بەبێ رەزامەندی کورد و تەوافوق ئەو یاسایە تێپەرێنرێت، چونکە ئەوەندەی رێککەوتن گرنگە ئەوەندە ژمارەی پەرلەمانتار گرنگ نییە، شیعە ئەگەر بیەوێت بەئارەزووی خۆیان کام پڕۆژە یاسایان بوێت تێپەری دەکەن".
یاسای دادگای فیدراڵی لە عێراق، تا ئێستا پەسەند نەکراوە، تاکو دادگای فیدراڵی بتوانێ کارەکانی بکات، زۆرینەی شیعەی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەوڵی ئەوەیان داوە دادگای فیدراڵی بە دوو لەسەر سێی دەنگەکان بڕیارەکانی پەسند بکات، بەڵام کورد ئەوەی رەت کردووەتەوە و پێی باش بووە بڕیاردان بە تێکڕای دەنگەکان بێت.
باسنیوز
