خانەقین.. میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەئارەزووی خۆیان زەوی بەسەر خەڵکدا دابەش دەکەن

 خانەقین.. میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەئارەزووی خۆیان زەوی بەسەر خەڵکدا دابەش دەکەن
بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات لەشاری خانەقین، زەوی بەسەر چەکدارانی حەشدی شەعبی دابەش دەکرێت و ماڵ و موڵکی کوردانی شارەکە دەستی بەسەردا دەگیرێت.

شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی ١٥ی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند: "لە نەفتخانە چەکدارێکی زۆری میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کۆکراونەتەوە، لە دەرەوە شار و ناوشاریش دەست بە دابەشکردنی زەوی لە شوێنی باش بەسەر چەکدارانی حەشدی شەعبی و لایەنگرانیان کراوە".

ئەو بەرپرسەی پارتی، ئەوەشی خستە روو، کە بەشێک لەو زەوییانەی دابەش کراون، زەوی کشوکاڵین و ھەندێکیان زەوی ماڵە کوردەکانن، ئێستا زۆربەی ماڵە کوردەکان چەکداری حەشد شەعبیی لێیە بارەگاکانی پارتی سەرجەمیان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە داگیرکراون کاری ھەواڵگری و چەکی قورسیان لێ جێگیر کراوە".

جەختی لەوەش کردەوە: "بۆشایی پێشمەرگە لەو سنوورە وای کردووە کە جۆرەھا گرووپ ھەڕەشەی لە ناوبردنی ئەمنیەتی شارەکە دەکەن، لەناویاندا پاشماوەکانی داعش و گرووپە توندڕەوەکان، لە ھەر ئەگەرێکدا خراپترین دۆخ بەسەر شارەکە دێت، سەرجەمیشی ئەوانە بەرپرسن کە وایان لەو شارە کرد".









باسنیوز
Top