خانەقین.. میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەئارەزووی خۆیان زەوی بەسەر خەڵکدا دابەش دەکەن
شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی ١٥ی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند: "لە نەفتخانە چەکدارێکی زۆری میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کۆکراونەتەوە، لە دەرەوە شار و ناوشاریش دەست بە دابەشکردنی زەوی لە شوێنی باش بەسەر چەکدارانی حەشدی شەعبی و لایەنگرانیان کراوە".
ئەو بەرپرسەی پارتی، ئەوەشی خستە روو، کە بەشێک لەو زەوییانەی دابەش کراون، زەوی کشوکاڵین و ھەندێکیان زەوی ماڵە کوردەکانن، ئێستا زۆربەی ماڵە کوردەکان چەکداری حەشد شەعبیی لێیە بارەگاکانی پارتی سەرجەمیان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە داگیرکراون کاری ھەواڵگری و چەکی قورسیان لێ جێگیر کراوە".
جەختی لەوەش کردەوە: "بۆشایی پێشمەرگە لەو سنوورە وای کردووە کە جۆرەھا گرووپ ھەڕەشەی لە ناوبردنی ئەمنیەتی شارەکە دەکەن، لەناویاندا پاشماوەکانی داعش و گرووپە توندڕەوەکان، لە ھەر ئەگەرێکدا خراپترین دۆخ بەسەر شارەکە دێت، سەرجەمیشی ئەوانە بەرپرسن کە وایان لەو شارە کرد".
باسنیوز
