پەرلەمانتارێك: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان توندوتیژی دژ بە ئافرەتانیان زیاد کردووە
حەیات مەجید پەرخی، بڕیاردەری لێژنەی داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەت لە پەرلەمانی كوردستان، لەمبارەوە ڕایگەیاند: "هەڵبەتە توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان لە هەڵكشان دایە و ئەمڕۆ كە 25ی نۆڤەمبەرە ماوەیەك دیاری كراوە بۆ هەڵمەتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، ئەم هەڵمەتەش بۆ هۆشیاركردنەوەیە پتر لەڕووی كۆمەڵایەتی و یاساییەوە، ئەمەش پتر لەڕێگەی ڕاگەیاندنەوە دەكرێت، بۆ ئەوەی ئافرەتان هۆشیار بكرێنەوە لە بەرامبەر ئەو توندوتیژییانەی كە دەرهەقیان دەكرێت و بۆ ئەوەی بتوانن مافەكانی خۆیان بەدەست بهێنن".
ئەو پەرلەمانتارە لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئەوەشی خستە ڕوو: "یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە قەیرانی داراییە كە كاریگەرییەكی نەرێنیی زۆری هەبووە و ئێستا ئێمەش وەكوو لێژنەكەمان لە پەرلەمان، هیچ ئامارێكی ئەوتۆمان لەبەردەست نییە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانمان ئامارەكان لە هەڵكشان دان و ئامارەكان ساڵی دوو جار لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی توندوتیژی دژ بە ئافرەتانەوە بڵاو دەكرێنەوە".
هەروەها حەیات مەجید، گوتیشی: "كەیسێكی زۆری توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دێتە لامان كە هەندێك لەو كەیسانەش پڕ لە تراژیدیان و هۆكارێكی دیكەی ئەو توندوتیژیانەش بۆ خراپ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەگەڕێتەوە".
باسنیوز
