بەرپرسێکی پارتی: ئەگەر هەیە میلیشیاکان دەست بەسەر قەرەهەنجیردا بگرن
لەسەر دەنگۆی ھاتنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، بۆ سنووری بانی مەقان و قەرەھەنجیر، سەید کەریم ساڵح، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی قەرەھەنجیری پارتی ڕایگەیاند: "نازانرێت کەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپا دێن بۆ قەرەھەنجیر و بانی مەقان، بەڵام ئەوەمان زانیووە کە داوای گەڕانەوەی خەڵک بۆ قەرەھەنجیر کراوە، چونکە ئەو چەکدارانە نایانەوێت بێن و خەڵک لە ناوچەکەدا نەبێت، کاتێک خەڵکیش گەڕایەوە ئەوکاتە چەکدارەکان دێن، بەو ھۆیەوە تا ئێستا خەڵکێکی زۆر نەگەڕاوەتەوە قەرەھەنجیر".
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "برادەرانی یەکێتی پێشبینی ھاتنی ئەو ھێزە دەکەن، بۆیە ئامادەکارییان لە بانی مەقان کردووە و ھێزێکی زۆریان لە ناوچەکە کۆکردووەتەوە، ھەروەھا ئێستا بە مەودای 12 کیلۆمەتر لە گوندی چیمەنەوە تا دەگاتە قەرەھەنجیر و بانی مەقان، لە پێش سوپا و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی چۆڵە و ھیچ ھێزێکی پێشمەرگەیان لە پێش نییە".
ڕوونیشی کردەوە، تەنیا پۆلیسی قەرەھەنجیر بەشێوەیەکی فەرمی چەکیان پَێیە و ئاسایشی کەرکووکی یەکێتیش لە ناوچەکەدان، بەڵام تەنیا بەناو ھەن و ھیچ دەسەڵاتێکیان نییە.
سەید کەریم ساڵح، ئەوەشی خستەڕوو کە یەکێتی لە سنوورەکەدا وا باسی بوونی میلشیاکانی حەشدی شەعبی دەکات لە دەوروبەری قەرەھەنجیر کە سوپای عێراقە و ئەوانیش بەشێکین لە عێراق، دەشڵێت: "یەکێتی باسی حەشدی شەعبی ناکەن، بۆ ئەوەی لەلایەن خەڵکەوە لە چەکدارانی حەشدی شەعبی نەدرێت، بۆیە ناشزانین ئەو قسەیەی ئەوان تا چەند لەسەر ئەو سوپایە ڕاستە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی کەرکووک نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانیان، ئەوەش مانای وایە باوەڕیان بەو سوپایە نییە“.
ھاوکات سەید کەریم، باس لەوەش دەکات کە ھەر ھێزێک جگە لە ھێزی پێشمەرگە لە سنوورەکەدا بێت، دەبێتە ھۆی نیگەرانیی خەڵک و خەڵکی سنوورەکەش بۆیان بکرێت لێیان دەدەن، بەڵام ئەگەر ھێزێکی کوردی پاڵپشتی و پاسەوانی ئەو جۆرە ھێزانە بکات، ئەوە شتێکی دیکەیە، دەشڵێت: "ئەو گرووپەی یەکێتی کە دەستیان لە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەردا ھەبوو، تەنانەت دەستیان بڕوات بەردەوام دەبن لە ھاوکاریکردن و کارەکانیان بۆ حەشد شەعبی".
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنیوز
