نووسەرێکی دۆستی تاڵەبانی: خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتی دەیانویست کۆسرەت ڕەسول بکوژن
فەرید زامدار، نووسەر و ئەندامی پێشووی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی، ڕاگەیاند، گرووپێک لە دەرەوەی شەرعیەتی کۆنگرەی یەکێتی، دەیانەوێت کۆنتڕۆڵی ئەو حزبە بکەن و بڕیار بدەن، بەڵام ”ئەمە ھەڵەی سەرکردایەتیی یەکێتییە، چونکە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نەماوە، لادانی مەکتەبی سیاسیشی لە رێگای دەزگایەکی داپڵۆسێنەری ئەمنی و فرتوفێڵەوە بووە بۆ چەککردنی ئەو دەنگانەی کە یەکێتی راستەقینە بوون“.
زامدار پێیوایە جەماوەری یەکێتی هاوشێوەی مەکتەبی سیاسیی حزبەکە ”بێ دەنگ کراون و کەس ناوێرێت سەر دەربھێنێت، کەس ناوێرێت بڵێت ئێوە خیانەتێکی گەورەتان کرد و ئێستاش قسە دەکەن و دێنە پێشەوە“. دووپاتیشی کردەوە: ”بەڕوونی دیارە لە کەرکووک خیانەتەکەیان چۆن کرد، ئێستاش خۆیان بەخۆیان دەڵێن دەسەڵاتی پۆلیسێکیان لە کەرکووک نییە".
ئەو ئەندامەی پێشووی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی لە لێدوانەکەیدا بۆ (باسنیوز) ڕوونی کردەوە: "ئێران دەستی بەسەر سەرکردایەتیی یەکێتیدا گرتووە، ئەوەی تەنیا بتوانێت بەرەنگاریان ببێتەوە، کۆسرەت ڕەسول عەلییە، ئەویش نەخۆشە، چاوەڕوان دەکەین بەسەلامەتی بگەڕێتەوە و ھاوکیشەی سیاسیی یەکێتی بۆ دۆخی جاران بگەڕێنێتەوە".
فەرید زامدار ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”لەکاتی نەخۆشکەوتنی کۆسرەت ڕەسوڵ، باڵی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر نەھاتن بەدەمیەوە، تەنانەت ئەوان دەیانویست لەناوی ببەن و بیکوژن“.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ”لە ڕێگەی دەزگای زانیاریی یەکێتییەوە ھەوڵی داپڵۆسینی ئەو دەنگانە دەدرێت کە نەیاری خۆیانن، ئێستا کاری ئەو دەزگایە کۆکردنەوەی زانیارییە لەسەر کادیرانی یەکێتی“.
بە بڕوای فەرید زامدار، ”لە بۆشایی کۆسرەت ڕەسوڵ، ڕۆژێک دێت یەکێتی بتەقێتەوە، چونکە یەکێتییەکان ئارامیان نەماوە، کەسانی نێو گرووپە خیانەتکارەکە دەبێت لاببرێن، دەبێت سزا بدرێن و بدرێنە دادگا، ئێستاش کەس باوەڕ بە سەرکردایەتیی یەکێتی ناکات، ھەر قسەیەک بکەن، کەس بە گوێیان ناکات، تا وایان لێھاتووە مەحموود سەنگاوی هاتووەتە سەر تەلەفزیۆن و دەڵێت (ئێمە ناتوانین یەکێتییەکی جوان بین)، ئەم قسەیە دەرئەنجامی ئەو خیانەتەیە لە کەرکووک کراوە، بەڵام یەک چارەسەر ھەیە، ئەویش ئەوەیە کە جەماوەری یەکێتی بێنە سەرخەت و رێگا نەدرێت بازرگانی بەخوێنی شەھیدانەوە بکرێت".
باسنیوز
