سەرکردەیەکی یەکێتی: خەڵکی خورماتوو لەسەر ئێمە وایان لێهات و دوێنێش حەشدی شەعبی خانووی یاریزانێکی کوردی خورماتوو دەسووتێنێت
رۆژی هەینی 24/11/2017، مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە وتارێکدا بۆ رێکخستنە دێرینەکانی حزبەکەی لە هەڵەبجە، رایگەیاند، لەو رۆژەوەی کوردانی خورماتوو شارەکەیان لە ترسی حەشدی شەعبی بەجێ هێشتووە، کەچی ”نەمانبینی برادەرێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی سەردانیان بکات“.
مەحمود سەنگاوی هەروەها رایگەیاند، کە ئەو خەڵکەی ماڵ و حاڵی تێکدراوە و ئاوارە بووە، بەهۆی ئەوانەوە سەرگەردان بوون و پێی وایە دەبوایە مەکتەب سیاسییەکی حزبەکەی سەردانیان بکات و پێیان بڵێت ”ئێوە لە سەر ئێمە واتان لێھاتووە“.
بەپێی دوایین زانیاری، چەکدارانی حەشدی شەعبی چوونەتە سەر ماڵی نەوزاد جیهانگیر، راهێنەری یاریی تایکواندۆ، کە ئێستا ئاوارەی هەرێمی کوردستان بووە و دوای دزینی کەلوپەلی ماڵەکەی، خانووەکەیان سووتاندووە.
ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی ١٨ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە"
باسنيوز
