دوای ڕێککەوتنەکەی خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتی تاوانی جۆراوجۆر ناوچە کوردستانییەکان سەرهەڵدەدەن

 دوای ڕێککەوتنەکەی خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتی تاوانی جۆراوجۆر ناوچە کوردستانییەکان سەرهەڵدەدەن
پاش ڕێککەوتنەکەی خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ڕێگەخۆشکردن بۆ داگیرکردنی ناوچە کوردستانییەکان لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران، تاوانەکانی تیرۆرکردن و ڕفاندن لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان زیاد دەکەن.



لە نوێترین تاواندا، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو کە گومان دەکرێت چەکدارانی حەشدی تورکمانیی سەر بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بن، هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی (ئاشتۆکان)ی سنووری شارەدێی جەبارەی سەر بە شاری کفری و هەریەک لە (خەلیل برایم، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی جەبارە کە بە نزیکایەتییەکەی لە کورد ناسراوە، لەگەڵ دوو کوڕ و برازایەکیان ڕفاندووە.



لەمبارەیەوە ئامانج عەبدولڕەزاق، بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی لە ناحیەی جەبارە بە کەناڵی (کوردستان 24)ی ڕاگەیاندووە، تائێستا نازاندرێت ئەو چەکدارانە کێن و سەر بە چ لایەنێکن.



ئەوەش ئاشکرا کراوە کە ڕفێندراوەکان هاووڵاتیی تورکمانی دانیشتووی سنوورەکەن و یەکێک لە ڕفێندراوەکان بە برینداری خۆی لەدەست چەکدارەکان ڕزگار کردووە.



هەفتەی ڕابردووش میلیشیاکان لە سنووری شاری خانەقین، کادیرێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان تیرۆر کرد و میدیاکانی سەر بە گرووپە خیانەتکارەکەی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتیش ئۆباڵەکەیان خستە ئەستۆی چەکدارانی نەناسراو.



زیادبوونی تاوانەکانی تیرۆرکردن و ڕفاندنی هاووڵاتییان لە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە کە بەردەوام بەرپرسانی گرووپی خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتی، بانگەشەی ئارامیی ناوچەکە دەکەن و داوای گەڕانەوەی هاووڵاتییانی ئاوارەبووی ئەو ناوچانە دەکەن. پێشتریش ئەرکان شەریف، وێنەگری کەناڵی (کوردستان تیڤی) کە هاوکات مامۆستا بووە، لەسەر داوای گرووپەکە بۆ سنووری شارۆچکەی داقووق لە پارێزگای کەرکووک گەڕایەوە، بەڵام لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە بە شێوەیەکی دڕندانە و لەبەردەم هاوسەرەکەی شەهید کرا.





ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.



ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.




باسنیوز
Top