بەهۆی ئاڵای كوردستانەوە هەڕەشە لە كچە رۆژنامەنووسێكی كەركووك دەكرێ

بەهۆی ئاڵای كوردستانەوە هەڕەشە لە كچە رۆژنامەنووسێكی كەركووك دەكرێ



بەھۆی پێشکەشکردنی بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیەوە بە جلی كوردی و نەخشی ئاڵای کوردستانەوە، هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق بە دوای کچە ڕۆژنامەنووسێکی كورد لە شاری کەرکووکدا دەگەڕێن. كچە ڕۆژنامەنووسەكەش دەڵێ بشكوژرێم، شانازی دەكەم لەسەر ئاڵای كوردستان.


بەھۆی پێشکەشکردنی بەرنامەی (بەیانی باشی کەرکووک) بە ئاڵای کوردستانەوە، ماوەی چەند ڕۆژێکە ھێزەکانی دژە تیرۆری عێراقی، داوای زانیاری لەسەر نێرگز قادر پێشکەشکاری کەناڵی ئاسمانی کەرکووک دەکەن.


لەمبارەیەوە نێرگز قادر کچە ڕۆژنامەنووسی شاری کەرکووک بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند "دەزگای دژە تیرۆری عێراق بەدوامدا دەگەڕێ و ئەفسەرێکی سەر بە دەزگای دژە تیرۆری عێراق لە گرووپی ڕۆژنامەنووسانی شاری کەرکووک، داوای کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر من کردووە و گوتوویەتی ئەو پاڵەوانە کێیە بە ئاڵای کوردستانەوە بەرنامەی تەلەفزیۆنی پێشکەش دەکات، پێی بڵێن با پەیوەندییمان پێوە بکات، بەڵام ڕۆژنامەنووسان گوتوویانە كە من عەرەبی نازانم، دواتر ئەفسەرەکەی دژە تیرۆر گوتوویەتی ئەگەر عەرەبی نازانێ، بە ئینگلیزی قسەی لەگەڵ دەکەین".


گوتیشی "ئەفسەرەکەی دژە تیرۆری عێراق گوتوویەتی ئەگەر ئەو کچە ڕۆژنامەنووسە پەیوەندیمان پێوە نەکات، ئێمە خۆمان دێین و کەناڵەکەی دادەخەین، بەڵام من ھەموو لایەک دڵنیا دەکەمەوە كە ئێمە لە دوای ڕووداوەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، کەرکووکمان بەجێ نەھێشتووە، ئێستە چۆن بەھۆی ترس و تۆقاندن و چاوسوورکردنەوەی ئەوانەوە کەرکووک بەجێ دەھێڵین! ھەروەھا لە چەند ڕۆژی داھاتوودا بەرنامەم ھەیە، ئەگەر ئەوان ئەوەندە ئازان و ھەڕەشەم لێ دەکەن، من شانازی دەکەم بەوەی لەپێناو ئاڵاکەمدا بکوژرێم".


ئاماژەی بەوەش دا، له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ په‌یوه‌ندی به‌ رێبوار ته‌ها ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتییه‌وه‌ كردووه‌ و له‌ كێشه‌كه‌ ئاگاداری كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش دڵنیای کردووەتەوە کە به‌دواداچوون بۆ پرسه‌‌كە ده‌كات، بەڵام دوای ئەوەی ڕێبوار تەھای ئاگادار کردووەتەوە، دووبارە ئەو ئەفسەرە داوای کردووە سەردانیان بکات.


ئەو کچە ڕۆژنامەنووسەی شاری کەرکووک باسی لەوەش کرد "ئەگەر مەترسی لەسەر ژیانم ھەبێت، گرنگ ئەوەیە وەک یەکەم کچی کورد لە کەرکووک ئاڵای کوردستانم خستە سەر شانم لە بەرنامەی (بەیانی باش)دا، ئەمەش وەک پەیامێک بۆ ئەو کەسانەی نەگەڕاونەتەوە شارەکە و پێیان وایە جارێکی دیکە کورد لەم شارە ناتوانێ ئاڵای کوردستان هەڵبکات، بۆیه‌ ته‌حه‌دای هێزه‌ عێراقییه‌كانم كرد".

bas news-
Top