لیژنەی تەندروستیی پەرلەمان: بەغدا، وه‌ك پرسێکی سیاسی له‌ بەشەدەرمانی ھەرێمی کوردستان ده‌ڕوانێ

 	 لیژنەی تەندروستیی پەرلەمان: بەغدا، وه‌ك پرسێکی سیاسی له‌ بەشەدەرمانی ھەرێمی کوردستان ده‌ڕوانێ
ئەندامێکی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی کوردستان ده‌ڵێ، بەغدا بەشەدەرمانی ھەرێمی کوردستانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردووه‌تەوە و، نەخۆشێکی تالاسیما بەو ھۆیەوە گیانی لە دەست دا. ئاشكرایشی ده‌كات، ئەو دەرمانە کەمەشی كه‌ بۆ ھەرێمی کوردستانی ده‌نێرێ، له‌ ئێكسپایه‌ربوون زۆر نزیكن.

دژایەتیی دەستەڵاتدارانی بەغدا بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان گەیشتووه‌تە ئاستێک دەرمانی نەخۆشییە درێژخانەکانیش بۆ نەخۆشەکانی ھەرێمی کوردستان رەوانە نەکرێت، ئەمە لە کاتێکدایە ساڵانی رابردوو سەدانھەزار ئاوارەی عێراق لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی ھەرێم چارەسەرییان بۆ کراوە. ئه‌مه‌ بۆچوونی هاووڵاتی و چاودێرانی سیاسیی كوردستانه‌.
لەمبارەیەوە (دکتۆر شیرین حوسنی) ئەندامی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی کوردستان بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "لە ئێستادا ناردنی دەرمان لە بەغداوە بە رێژەیەکی زۆر کەم بووه‌تەوە، ئەوەش کاریگەریی نەرێنی له‌سەر باری تەندروستیی نەخۆش لە ھەرێمی کوردستان دروست ده‌كات، بەتایبەتی ئەو ھاووڵاتیانەی نەخۆشیی درێژخانیان ھەیە، وەک تالاسیما و شیرپەنجە و شەکرە''، به‌باوه‌ڕی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ''ئه‌مه‌ سیاسەتی دوژمنکارانەی بەغدا بەرانبەر بە ھاووڵاتیانی سڤیلی ھەرێمی کوردستان نیشان ده‌دات و، لە چەند رۆژی رابردوودا یەکێک لە نەخۆشانی تالاسیما کە منداڵێكی له‌ ڕه‌گه‌زی کچ بوو، بەھۆی نەبوونی دەرمانەوە گیانی لە دەست دا.''

ئەندامەکەی لیژنەی تەندروستی ئاماژەیشی دا، كه‌ ''ھاتنی دەرمان لە بەغداوە دوای بڕینی بودجەوه‌ زۆر کەمی کردووە، پێشتریش رێژەکە وەک خۆی نەدەھات، بەڵام لەبەر ئەوەی رەوشی ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باش بوو، رێژەیەکی زۆری دەرمان لەلایەن ھەرێمەوە دەکڕدرا، ئێستا بەغدا جگە لەوەی بڕێکی زۆری کەم دەرمان دەنێرێ بۆ نەخۆشخانەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەو دەرمانەشی دەینێرێ یان ماوەی بەسەرچوونەکەی نزیک بووتەوە یانیش ئەوانەن کە زۆر پێویست نین بۆ نەخۆش.''

حکوومەتی بەغدا لە ھەموو بوارەکاندا ئابڵۆقەی خستووه‌تە سەر خەڵکی ھەرێمی کوردستان و دەیەوێ بە برسیکردنی ھاووڵاتیانی کوردستان دەست لە مافە دەستووری و یاساییەکان بەردەن، بەتایبەتی لە پرسێکی وەک نەناردنی بەشەدەرمان و پارەی جووتیاران و زۆر بابەتی دیکەشدا.
(دکتۆر شیرین حوسنی) جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ ''حکوومەتی عێراق وەک پرسێکی سیاسی مامەڵە بە دەرمانەوە دەکات، ئاخر نەناردنی بەشەدەرمانی ھەرێمی کوردستان جگە لەوەی پرسێکی یاساییە و مافی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانە، پرسێکی مرۆییشە؛ لەبەر ئەوەی ئەو دەرمانانەی تایبەتن بە چارەسەری نەخۆشییە درێژخانەکان لە نەخۆشخانەکانی حکوومەتدا نەماون، لە بازاڕیش نرخیان زۆر گرانە و چەندین نەخۆش بەھۆی نەبوونی دەرمانەوە دەناڵێنن.''
kdp-
Top