ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک: میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەیانەوێ کورد لە کەرکووک نەمێنێت

 ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک: میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەیانەوێ کورد لە کەرکووک نەمێنێت
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ئاماژە بەوە دەدات کە کەرکووک بووە بە شارێکی سەربازی و خەڵکی شارەکە ئەم دۆخە بە باش نازانن، چونکە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی ھاووڵاتییانی کەرکووک ئازار دەدەن.

محەمەد کامیل، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕایگەیاند:" بارودۆخی شاری کەرکووک ھیچ باش نییە و سیستەمێکی عەسکەری، دەسەڵاتی بەسەر شارەکەدا سەپاندووە، جگەلەوەش چەکدارەکانی حەشدی شەعبی بەئارەزووی خۆیان پشکنین بۆ گەڕەکەکانی شاری کەرکووک دەکەن و مەفرەزەکانیان ھەڵدەکوتنە سەر ماڵان و خەڵکی ئازار دەدەن".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەوەشی خستە روو، کە گرفتی ئەوان، ئەوەیە عەبادی باسی دەستوور دەکات، بەڵام خۆشی دەستوور جێبەجێ ناکات، تەنھا لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە باس لە جێبەجێکردنی دەستوور دەکات، ئەگەرنا ئەوەی دەستووربێت، لە عێراقدا جێبەجێی ناکات.

جەختی لەوەش کردەوە، کە عەبادی دەستوور بۆ لێدانی دەستەکەوتەکانی گەلی کورد و قۆرخ کردنی دەسەڵات لە چوارچێوەی بەغدا بەکار دەھێنێت، گوتیشی: "بۆیە ئەگەر عەبادی و حکوومەتەکەی کاریان بە دەستوور بکردایە، ئەم بارودۆخەی ئێستا ڕووی نەدەدا".

محەمەد کامیل، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئاماژەی بەوەش دا: "چەکدارەکانی حەشدی شەعبی تەنگیان بەھاووڵاتییانی کورد ھەڵچنیوە، بەجۆرێک دەیانەوێ لە کورد لە کەرکووک نەمێنێت، چەکدارەکانی حەشدی شەعبی دەیانەوێت ماڵوێرانی بەسەر کورددا بھێنن".










باسنیوز
Top