کۆمپانیای چاڤی لاند 717 ملیۆن دینار قەرزاری کارەبایە

 کۆمپانیای چاڤی لاند 717 ملیۆن دینار قەرزاری کارەبایە
بەڕێوبەری گشتیی کارەبای سلێمانی، ئاماژە بەوە دەدات کە کۆمپانیای چاڤی لاند 717 ملیۆن دینار پارەی کارەبای نیشتمانی قەرزارە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 23/11/2017، سالار حوسامەدین، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی، لە پرێس کۆنفڕانسێکدا ڕای گەیاند: "ئێمە بە دواداچوونێکمان کردووە، بۆ ئەو کەرتە پیشەسازی و بازرگانییە گەورانەی سنووری پارێزگای سلێمانی، ئەو ھاوبەشانەی کە قەرزی کارەبایان لە سەرووی 500 ملیۆن دینارەوە لایە کە دواکەوتنی قەرزەکانیان بۆ ساڵانی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، ئێمە بە پلانێک و وەکو بەشی یەکەم، لێپێچینەوەمان لەگەڵ ئەو ھاوبەشانەدا کردووە، دواتر ئاگادار کراونەتەوە و ئینجا قەرزەکانیان بۆ کراوە بە قیست و زۆربەیان بەدەم داواکارییەکانمانەوە ھاتوون".

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی، ئەوەشی خستە روو، کەتەنیا کۆمپانیای چاڤی لاند، لەم ھەڵمەتەی ئەواندا نەھاتوونەتە پێش، دوای چەند جارێک ئاگادارکردنەوەیان لە سەر ئەوەی کە پارەیەکی کەڵەکەبووی زۆریان لایە، کە دەگەڕێتەوە بۆ چوار ساڵی ڕابردوو، لەو رۆژەوەی کە چاڤی لاند، ھاوبەشی کارەبای لای ئەوان کردووە، تا ئێستا زیاد لە 717 ملیۆن دینار قەرزارن و بەو ھۆیەوە ماوەی 15 رۆژە کارەبای ئەو کۆمپانیایەیان بڕیوە.

پێشتر، جەمال حەمەڕەشید، پارێزەری خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند، ڕایگەیاندبوو: "شاسوار عەبدولواحید، بەپێی یاسا دەتوانێ پڕۆژەکەی خۆی بفرۆشێت، بەڵام ڕەنگە فرۆشتنی پڕۆژەی چاڤی لاند، خاوەن پشکەکانی نیگەران کردبێت، بێگومان دەبوایە پێش ئەوەی شاسوار عەبدولواحید، پڕۆژەکە بفرۆشێت، کێشەی خاوەن پشکەکانی یەکلای بکردایەتەوە، بۆ ئەوەی ئەم کێشانەی ئێستا دروست نەبووایە“

دوو ڕۆژ لەمەوبەر، شاسوار عەبدولواحید، فرۆشتنی سەرجەم کۆمپانیا و پڕۆژە گەشتیارییەکان و کەناڵە میدیاییەکانی ڕاگەیاند و خۆی لە سەرجەم ئەو قەرزانەش بێبەری کرد کە لەلایەن حکوومەت یان خاوەن پشکەکانەوە پێی دراوە، دواتریش ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕای گەیاند کە شاسوار عەبدولواحید ”فێڵ لە خەڵک دەکات و پرۆژەکانی نەفرۆشتووە“.










باسنیوز
Top