عادل نووری: کوردستان کارتی بەهێزی بەدەستەوەیە و دەتوانێ گورزی گورچکبڕ لە بەغدا بدا
عادل نووری، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: "بەغدا بەھیچ شێوەیەک ڕاست ناکات لەگەڵ کوردستان، بەڵکوو دەیەوێت کوردستان سەری بۆ شۆڕ بکات، بۆیە ئەگەر ئێمە سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژی و پێشێلکاری و لووت بەرزییەی بەغدا دانەنێین، کورد زیانێکی گەورەتر دەکات“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە هەرێمی کوردستان ”کارتی بەھێزی لەدەست ماوە“ و گوتی: ”نازانم بۆ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دەست بۆ ئەو کارتانە نابات؟ دەتوانین گورزی گورچکبڕ لە بەغدا بدەین، بەتایبەت بەشداریمان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، بۆیە دەبێ ئێستا سەرۆک کۆمار و پەرلەمانتار و وەزیرەکان و جێگری سەرۆکی پەرلەمان بۆ کوردستان بکشێنەوە و جارێکی دیکە چاوخشانەوە بکرێ“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە ”بەھۆی کۆمەڵێک خیانەتەوە، شکۆی کورد شکاوە، ئێمە لەو جەنگە دەبێت بۆ کوردستان بگەڕێینەوە و دووبارە خۆمان ڕێک بخەینەوە، ئەو کاتە بزانین وڵاتانی جیھان چی دەڵێن، بۆیە داواکارین ئەگەر بۆ 10 ڕۆژیش بێت< فوئاد مەسعوم لە بەغدا بکشێتەوە".
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەگەر ئێمە بکشێینەوە، پرۆسەی سیاسی لە عێراق تێک دەچێت، چونکە عێراق لەسەر بنەمای تەوافووق دروست بووە، ناکرێت شیعە سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆماری هەبێت، ئەگەر سەرۆک کۆمار بکشێتەوە، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار کە نووری مالیکییە، دەسەڵاتەکان دەگرێتە دەست، ئەگەر مالیکی دەسەڵاتی گرتە دەست، ئەو کاتە عەبادی و سەدر ڕازی نابن، چونکە ”دوژمنی سەرسەختی مالکی، سەدرە و سەدریش بەملیۆنان کەس دەھێنێتە سەر شەقام“.
دووپاتیشی کردەوە کە بەغدا دەیەوێ سەروەریی خەڵکی کوردستان پێشێل بکات و داوادەکەین ئەو پشکانەی لەبەغدا ماومانە، بیان کشێنینەوە، چونکە لەبەغدا بێڕێزین و بێھێزین، بۆچی دەبێت ئەوەندە زەلیل بین لەبەرانبەر بەغدا؟“.
نیگەرانی بەرامبەر بە مانەوەی فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق لە بەغدا و هەڵوێستەکانی عێراق لە دژی کوردستان هەیە و دەستگرتنی مەعسووم بە کورسییەکەیەوە بێهەڵوێستی کردووە.
باسنیوز
