میلیشیاکان لە گەڕەکی ڕەحیماوای کەرکووک هەڵدەکوتنە سەر بارەگایەکی یەکێتی
بەپێی زانیارییەکان، بەرەبەیانی دوێنێ چوارشەممە 22/11/2017، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، هەڵیان کوتاوەتە سەر بارەگای کۆمیتەی (ڕەحیماوا)ی شاری کەرکووک و بارەگاکەیان پشکنیوە.
لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی ئاسایشی کەرکووک بۆ (باسنیوز)ی ئاشکرا کرد کە میلیشیاکان لەو بارەگایەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەدوای چەکدا گەڕاون و دووبارە پێیانگوتوون کە نابێ چەکیان بەدەستەوە بێت.
سەرچاوەکە ئەوەی ئاشکرا کرد کە هەرچەندە سەرەتا وانیشان دراوە کە متمانە لەنێوان میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و گرووپی خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەیە، بەڵام ئێستا دەردەکەوێت کە میلیشیاکان سەرەڕای بینینی دڵسۆزیی گرووپە خیانەتکارەکەی یەکێتی بە ڕادەستکردنی کەرکووک و خورماتوو و خانەقین، هێشتا متمانەیان بەو گرووپە نییە.
پێشتر کاوە ئەحمەد، کارگێڕی لقی 3ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "یەکێتی لە کەرکووک بارەگاکانیان کراوەیە، بەڵام جگە لە ئاڵای کوردستان، ئێستا ئاڵای یەکێتیش ھەڵناکەن، ھاوکات لە ڕووی پاراستنی بارەگاکانیشیانەوە، ھیچ دەسەڵاتێکیان نییە، تەنانەت لە ڕووی دەروونیشەوە کادیرانی یەکێتی لە کەرکووک لە حاڵەتێکی نا تەندرووستدان".
ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، یەکێتی وەک هەر حزبێکی تورکمانی و عەرەبیی عێراقی لە کەرکووکدا ماوەتەوە و ”هیچ مۆرکێکی کوردستانیبوون بەسەر بارەگاکانی یەکێتییەوە نابینرێت“.
لەلایەن خۆشیەوە نەوزاد ئەحمەد حەمەئەمین، ئەندامی پێشووی مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “سیاسەتی یەکێتی لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە لە سنووری ناوچە کوردستانییەکان بەتایبەت کەرکووک، چووەتە حاڵەتێکی تازەوە، کاتێکی زۆری دەوێت تا یەکێتی لەگەڵ خەڵکی ئەو دەڤەرە ئاشت ببێتەوە، چونکە پرسی هاتنی حەشدی شەعبی لە کەرکووک زیانێکی خراپی لە رێکخستنەکانی یەکێتی دا، ئیستاش نە بە کۆنگرە و نە بە ڕاگەیاندن، ئەو حاڵەتە پینە ناکرێت".
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "یەکێتی لە کەرکووک و ناوچەکە جێناکۆکەکان، کراوەتە ئامانج و دەنگی ناڕەزایی لەدژی هەیە، بۆیە داواکارم یەکێتی داوای لێبوورن بکات”.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنیوز
