ڕەوشی تەندروستیی ناوچە بوومەلەرزەلێداوەکانی کرماشان ناجێگیرە
بە گوتەی ئیبراهیم شەکیبا، سەرۆکی ناوەندی تەندروستیی کرماشان، لە ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان زبڵ و خۆڵ بە ڕێکوپێکی کۆ ناکرێنەوە، هاوکات تەقینی زێراب و تێکچوونی هەندێ ژێرخان، بوونەتە گرفتی سەرەکی و ئەگەر بێت وڕێگەچارەیان بۆ نەدۆزرێتەوە، ئەگەری سەرهەڵدانی نەخۆشیی زگچوون و کۆلێرا زۆرە.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (تەسنیم) هەرچەند هەتا ئێستا نیشانەی نەخۆشییەک تۆمار نەکراوە، بەڵام کەڵەکبوونی زبڵ و زاڵ لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان و دەوروبەری کەمپەکان، دەبنە هۆی ئالوودەبوونی ناوچەکە و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی مەترسیدار.
نەبوونی پلان و بەریوەبەرییەکی تۆکمەی تەندروستی و تیمی شارەوانی گرفتی سەرەکییە لەو ناوچانە، چونکە دوای هاتنی بوومەلەرزەکە کاری کەرتە خزمەتگوزاییەکان پەکیان کەتووە .
بەپێی زانیارییەکان، وێڕای کەڵەکەبوونی زبڵ و خاشاک لە ناوچەد بوومەلەرزەلیدراوەکان، هاتنی بارانیش هێندەی دیکە دۆخەکەی ناخۆش کردووە و بووەتە قوڕ و چڵپاو و ژیان و گوزەرانی لەو ناوچانە گەلێک ئەستەم کردووە.
ڕێکەوتی 2017/11/12 بوومەلەرزەیەکی بەهێز و بە گوڕی 7.2 ڕیشتەر باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت 1900 گوند و هەشت شاری پارێزگای کرماشانی گرتەوە کە بەپێی ئاماری فەرمیی ئێران هەتا ئێستا 434 کەس گیانیان لەدەست داوە و و زیاتر لە 10 هەزار کەسیش بریندار بوون، بەڵام ئامارە نافەرمییەکان باس لە کوژرانی زیاتر لە 1000 کەس دەکەن.
باسنیوز
