گۆڤارێکی ئەمەریکی: ئێران ئەندازیاری ڕادەستکردنی کەرکووک بوو
گۆڤاری فۆرین بولیسی ئەمەریکی، لە وتارێکدا باسی لەوە کردوە کە ئێران شەری کۆنترۆڵکردنی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی بردەوە وباسی لە ژمارەیەک دەوڵەت کردووە، کە کەتوونەتە ژێر ھەژموونی ئێران لەوانەش عێراق.
گۆڤارەکە، وتارێکی جۆناسان سپایر، لێکۆڵەر لە سەنتەری جیھانی لێکۆڵینەوە لە کاروباری نێودەوڵەتی و نووسەر لە ڕۆژمامەی (جیرۆزالیم پۆست) بڵاوکردۆتەوە، تێیدا ھاتووە کە عێراق و لوبنان بوونەتە دوو دەوڵەتی بێ کاریگەری، ھەندێک وڵاتی وەک سووریا و یەمەن ھەر بەتەواوی داڕوخاون و لە ھەموو بارێکیشدا ئێران براوەو سوودمەندە.
نووسەر، باسی لەوەش کردوە کە ئێران ملیشیاکانی لایەنگری خۆی لە عێراق بڵاو کردووتەوەو بەفەرمی پاڵپشتیان دەکات، کە ژمارەیان 120 ھەوار چەکدارە، لە چوارچێوەی حەشدی شەعبی کۆکراونەتەوە.
جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە سێ لە سەرەکیترین گرووپەکانی نێو حەشدی شەعبی کە بەدر، عەسائیبی ئەھلی حەق و کەتائبی حزبوڵلان سەر بە ئێرانن.
ھاوکات ئاماژەی بەوەش داوە، کە ئێران کاریگەری سیاسی لەسەر بەغدا گەلێک زۆرە و حزبی دەعوەی دەسەڵاتدار سەر بە ئێرانە و ڕێکخراوی بەدریش دەستی بەسەر وەزارەتی ناوخۆدا گرتووە، ئەمەش وایکردوە ھێزە چەکدارەکان و ملیشیاکان تێکەڵی یەکدی بکرێن و بەمجۆرەش ئەو ملیشیایانە سوودیان لە چەک و مەشق و ڕاھێنانی ئەمەریکا وەرگرتووە .
جۆناسان سپایر، دەڵێت: "ئەو باڵادەستیەی ئێران لە عێراق وایکرد کە سعودیەش ھەوڵ بدات ھاوشێوەی ئێران جێ پێی خۆی لە عێراق بکاتەوە، بەڵام سعودیە جگە لەپارە ھیچی دیکەی نییە بۆ ھاوکاریکردنی لایەنگرانی لە عێراق".
ئەوەشی نووسیوە، کە ئێران لە لوبنان سەرکەوت ھەروەھا لە سوریا و عێراقیش واخەریکە سەرکەوتن بەدەست دێنێت و سعودیەشی تووشی شەڕێک کردووە لەیەمەن کە تێچوویەکی زۆری دەوێت.
جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە ئێران بەپەلە کاری بۆ دژایەتیکردنی ریفراندۆمەکەی کوردستان کرد و پەیوەندییە بەھێزەکانیان لەگەڵ بنەماڵەی تاڵەبانی بەکارھێناو بەکێشانەوەی بەشێک لە ھێزەکانی پێشمەرگە شارەکەیان ڕادەستی ھاوپەیمانانی ئێران کرد.
bas news-
