پسپۆڕێکی ئابووری: بەغدا نیەتی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی نییە
سەرەڕای چەندین ڕێککەوتن و پابەندبوونی ھەرێمی کوردستان، کەچی عێراق بەردەوام بیانوو بۆ نەناردنی بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان دەھێنێتەوە و پابەندی ئەو ڕێککەوتنانەش نابێت، کە خۆی ڕازی بووە لەسەریان. لەم بارەیەوە، دکتۆر (بەختیار سابر)، پسپۆڕی ئابووری بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''حکوومەتی عێراق نیازی ڕێککەوتنی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بۆ چارەکردنی پرسی بوودجە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی نییە و ئەگەر ھەموو داھات و نەوتی ھەرێمی کوردستانیش ڕادەستی بەغدا بکرێت، ئەوان ئامادە نین مووچەمان بۆ بنێرن، چونکە عێراق ھەر دەیەوێت ھەرێم تەنازۆلی بۆ بکات و لە ڕووی سیاسییەوە ھەرێم لاواز بکات، ئەگەر بابەتەکە سیاسی نەبێت، ئەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیی نیشان داوە بۆ ئەوەی بە دانوستان کێشەکان چارە بکرێن.''
(د. بەختیار سابر) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''ئەگەر ھەرێمی کوردستان کێشەی فەرمانبەرانی زیادە چارە بکات و سیستەمێکی نوێ دابڕژرێت بۆ مووچەی فەرمانبەرانی خۆی، ئەوا من دڵنیام مووچە وەک ئێستا و باشتریش دەبێت، چونکە بەغدا ھەر پابەندی ناردنی بوودجە نابێت و زیاتر لە پەنجا بڕگە و ماددەی دەستووری پێشێل کردووە، تەنیا ئەو دوو سێ ماددەیە جێبەجێ دەکات کە لە بەرژەوەندیی خۆیدایە، لەبەر ئەوەی ئەزموونمان ھەیە لەگەڵ عێراق، ساڵی ٢٠١٥ ڕێککەوتن کرا و نەوتیش ڕادەستی سۆمۆ کرا، کەچی ئەوان ھەر پابەندی دەستوور و یاسای بوودجە نەبوون.''
kdp-
