سەرۆکی لیستی برایەتی: ناگەڕێنەوە کەرکووک تا فەرماندەی سەربازی حوکم بکات
محەمەد کەمال، سەرۆکی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕایگەیاند: "کەرکووک شارێکی داگیرکراوە و حوکمی سەربازی تێدا پەیڕەو دەکرێت، بۆیە نا گەڕێینەوە کەرکووک تا لە ژێر دەسەڵاتی حوکمی سەربازیدا بین، داوای کشانەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی لە شارەکە دەکەین".
سەرۆکی لیستی برایەتی، ئەوەشی خستە روو، کە کە دۆسییەی ئەمنی شاری کەرکووک وەک پێشتر لە دەستی پارێزگار، پۆلیس و ئاسایشی شاردا نییە، بەڵکو لە دەستی فەرماندەیەکی سەربازی دایە و گوتیشی: "ئێمەش لەمەدا ناکۆکیمان ھەیە و ئەگەر ھەندێ لە برادەرانی یەکێتی ئەوەیان پێ قبوڵ بێت، ئەوا ئێمە پێمان قبوڵ نییە کە حاکمێکی سەبازی حوکمی کەرکووک بکات".
لەسەر لێدوانەکانی حەیدەر عەبادی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی دوێنێ سێشەممە 21/11/2017دا کە باسی گەڕانەوەی ھاووڵاتییانی ئاوارەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان کردبوو، محەمەد کەمال، سەرۆکی لیستی برایەتی، گوتیشی: "حەیدەر عەبادی، قسەی زۆر دەکات، بەڵام کرداری کەمە و قسەکانی جێبەجێ ناکات، چونکە لە ماوەی سێ ساڵی حوکمڕانیدا باسی ناردنی بودجەی بۆ ھەرێمی کوردستان کرد، بەڵام لە سنووری حەمرین بەملاوە یەک دینار نەھاتووە، ھەروەھا کاتێک باسی گەڕانەوە ئاوارەکانیش دەکات، با سەرەتا حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی بکشێنێتەوە، ئەو کاتە خەڵک دەگەڕێتەوە".
پێشتر عەبدوڵا عەلیاوەیی، راوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق، رایگەیاندبوو: "وەزیری ناوخۆی عێراق بەڵێنی بە سەرۆک کۆمار داوە کە ڕێژەی پۆلیسی فیدراڵی لە کەرکووک و خورماتوو زیاد بکات، تا ڕۆڵی خۆیان لەو ناوچانە بگێڕن، ھەوڵیش بۆ گەڕانەوەی کوردەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان لە زووترین کاتدا دەدرێت".
سەرۆکی لیستی برایەتی دەڵێت: "بۆ عێراق پەنا بۆ زیادکردنی پۆلیسی فیدراڵی دەبا کە سەربە یەک لایەن و مەزھەبە، با بگەڕێتەوە بۆ پێش 16ی ئۆکتۆبەر کە ھیچ کێشەیەک و تەقینەوەیەک لە ئەو ناوچانەدا ڕووی نەدەدا، چونکە پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش ناوچەکەیان دەپاراست".
باسنیوز
