نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی تەقینەوەکەی خورماتوو دەکات

 نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی تەقینەوەکەی خورماتوو دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 22/11/2017، نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە تەقینەوەکەی دوێنێی خورماتوو، کە ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

لەو بەیاننامەدا نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوەی خراوەتەروو، کە بەتوندی تەقینەوەکەی دوێنێی خورماتوو ئیدانە دەکەین کە بووە ھۆی گیان لە دەست دان و برینداربوونی دەیان کەس لە ھاووڵاتییانی بێ تاوان.

لەلایەکی دیکەوە بەشی ڕاگەیاندنی قایمقامییەتی خورماتوو، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا ھاتووە: "ئیدانەی تەقینەوەکەی گەڕەکی عەسکەری خورماتوو دەکەین کە بووە ھۆی گیان لەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک لە ھاووڵاتییانی بێ تاوانی شارەکەمان، ئەو تەقینەوەیە بۆ درێژەدانە بە فیتنە و دووبەرەکی".
دوێنێ سێشەممە 21/11/2017، لە ناو بازاڕی سەوزەفرۆشانی گەڕەکی عەسکەری خورماتوو، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو تەقیەوە و لە ئەنجامدا 21 ھاووڵاتیی گیانیان لەدەست دا 65 ھاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.

ژمارەیەک لە ھاووڵاتییانی خورماتوو لە ئەکاونتەکانی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئێستا شاری خورماتوو لە لایەن حەشدی شەعبییەوە داگیرکراوە و ئەوان بەرپرسیارن لەو تەقینەوە و کردەوە توندوتیژییانەی کە لە خورماتوو ڕوو دەدەن.

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.










باسنیوز
Top