پارێزەرێک: ھەر کەسێک لە سلێمانی باسی ئاشکراکردنی ڕاستییەکان بکات دەکرێتە ئامانج

 پارێزەرێک: ھەر کەسێک لە سلێمانی باسی ئاشکراکردنی ڕاستییەکان بکات دەکرێتە ئامانج
پارێزەرێک رەخنە لە دۆخی ئەمنیی شاری سلێمانی دەگرێت و ئاماژە بەوە دەدات کە ”گرووپێکی ھاوشێوەی مافیا، ترسیان لە شارەکە بڵاو کردووەتەوە“.

عومەر حەمەعەلی تۆفیق، پارێزەر لە شاری سلێمانی کە چەند رۆژێک لەمەوبەر ئاشکرای کرد، تەقە لە ماڵەکەی کراوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 22/11/2017، رایگەیاند: "بەداخەوە دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی رێکاری توندیان بەرانبەر بەوانە نەگرتووەتە بەر کە ھەوڵی کوشتن و ڕفاندنیان داوم، تۆمەتبارەکان دەگیرێن دواتر بە واسیتە و بەرتیل بەردەدەرێن، ئازادانە دەسووڕێنەوە و حیساب بۆ حکوومەت ناکەن".

ئەو پارێزەرە، ئەوەشی روون کردەوە، کە دوێنێ سێشەممە 21/11/2017، لە رێگای کونسوڵخانەی ئەڵمانیا، ئاگاداری بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی کراوەتەوە کە ڕێوشوێنی توند بگرنە بەر. گوتیشی: "کاتێک منیش پەیوەندیم پێوەیان کردووە، بەداخەوە زۆر سارد و سڕن".

ئەوەشی خستە روو: "دوێنێ ھاووڵاتییەکی دیکە لای پردی کۆبانێ لە سلێمانی کوژراوە، بەداخەوە حاڵەتی کوشتن و ڕفاندن ئێستا لە سلێمانی تاڕادەیەک زیاد بووە، لەکاتێکدا تەنیا لە نزیک ماڵی من 46 کامێرا ھەیە، کەچی دەبینین ھەر کەسێک باسی ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و گەندەڵی بکات، دەکرێتە ئامانج“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە ”ئەوانە بوونەتە گرووپێکی مافیا، لەم شارە بە دامەزراوەیی ئەو شتانە دەکەن".

ھەرلەم بارەوە، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، رایگەیاند: "ئەو پارێزەرە لەکاتی تەقەکردن لە ماڵەکەی کەشفمان بۆ کردووە گوتەیمان لێوەرگرتووە و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کەسێک دەرچوو کە خۆی گومانی لێیەتی، لە ھەرشوینێک گومانلێکراوی ئەو کەیسە ھەبوو ئێمە دەستگیری دەکەین".

گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، گوتیشی: "کاری ئێمە جێبەجێکردنە بۆیە بەردان و گرتن فەرمانی پارێزەری دەوێت و ئێمەش بەدوای ئەو کەیسەوەین بزانین چییە".









باسنیوز
Top