یەكێتیی پیاوان: توندوتیژی دژ بە پیاوان لە کوردستان ڕووی لە زیادبوون كردووە

 یەكێتیی پیاوان: توندوتیژی دژ بە پیاوان لە کوردستان ڕووی لە زیادبوون كردووە
توندوتیژی دژ بە پیاوان لەلایەن ژنانەوە ڕووی لە زیادبوون كردووە و سكرتێری یەكێتی پیاوانی كوردستانیش ئاشكرای دەكات، جگە لەوەی پێشێلكاریی بەرامبەر پیاوان بەردەوامە، ئەمساڵ شەش پیاو لەلایەن هاوسەرەكانیانەوە بە هاوكاری كەسانی دیكە كوژارون.

بورهان عەلی، سەرۆكی یەكێتیی پیاوانی كوردستان، ڕایگەیاند:" ئەمساڵ پێشێلكارییەكان بە بەراوردی ساڵی ڕابردوو ڕووی لە زیادبوون كردووە و چەندین پێشێلكاریی جۆراوجۆر لەلایەن ژنانەوە بەرامبەر پیاوان تۆمار كراوە.

سەرۆكی یەكێتیی پیاوانی كوردستان لە درێژەدا گوتیشی: "هۆكارەكانی بەرزبونەوەی حاڵەتەكانی توندوتیژی دژ بە پیاوان بەشێكی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی دارایی، هەروەها بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستی ئێمە دان لە 1/1/2017 تاكوو 16/10/2017 لە سەرجەم هەرێمی كوردستان، 596 سكاڵا و توندوتیژی لە سنووری كار و چالاكیی ڕێكخراوەكەماندا تۆمار كراوە.

بورهان عەلی لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەش دا: "ئەمساڵ 53 حاڵەتی كوشتنی پیاوان تۆمار كراوە، هەورەها 6 حاڵەتی كوشتنی پیاوان لەلایەن هاوسەرەكانیانەوە بە هاوكاریی كەسانی دیكە تۆمار كراوە.

سەرۆكی یەكێتیی پیاوانی كوردستان، باسی لەوەش كرد: "تا ئێستا حاڵەتەكانی توندوتیژی جیا نەكراوەتەوە، بەڵام ژمارەیەك پیاو لەلایەن ژنەكانیانەوە تووشی لێدان و دەستدرێژی بوونەتەوە و ئاسەواری لێدان بە جەستەیانەوە دیارە".












باسنیوز
Top