”یەکێتی ھاوشێوەی حزبێکی عەرەبی و تورکمانیی عێراقی لە کەرکووک ماوەتەوە“
کاوە ئەحمەد، کارگێڕی لقی 3ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، ڕایگەیاند: "یەکێتی لە کەرکووک بارەگاکانیان کراوەیە، بەڵام جگە لە ئاڵای کوردستان، ئێستا ئاڵای یەکێتیش ھەڵناکەن، ھاوکات لە ڕووی پاراستنی بارەگاکانیشیانەوە، ھیچ دەسەڵاتێکیان نییە، تەنانەت لە ڕووی دەروونیشەوە کادیرانی یەکێتی لە کەرکووک لە حاڵەتێکی نا تەندرووستدان".
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە یەکێتی لە کەرکووک بەبیانووی جۆراوجۆر، کۆبوونەوەی جەماوەری ئەنجام دەدات و وا پیشانی دەدات کە دۆخی کەرکووک ئارامە. گوتیشی: "بەمەبەستی سازدانی کۆبوونەوەیەکی جەماوەری، یەکێتی داوای لە زۆر کەس کردووە ئامادەبن، بەڵام دواتر کە خەڵک زانیویەتی کۆبوونەوەکە لە ژێر سایەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیدایە، کەم کەس ئامادەبوونە بەشداری بکەن و دواجار لە ھۆڵی بۆنەکانی گەڕەکی شۆڕیجە کۆبوونەوەکە ساز دراوە، ئامادەبووانیش لە کۆبوونەوەکە ناڕەزاییان دەبڕیوە و پێیانیان ڕاگەیاندووە، ئێوە بێ ڕێزیتان بەرامبەر خەڵک و ئاڵای کوردستان کردووە و سیستەمی عەسکەرتاریتان بە سەر کەرکووکدا سەپاندووە، ئەمەش ناڕەزایی خەڵکی لێکەوتووەتەوە و خەڵک لە کەرکووک لە دڵەڕاوکێدا دەژین".
ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، یەکێتی وەک هەر حزبێکی تورکمانی و عەرەبیی عێراقی لە کەرکووکدا ماوەتەوە و ”هیچ مۆرکێکی کوردستانیبوون بەسەر بارەگاکانی یەکێتییەوە نابینرێت“.
لەلایەن خۆیەوە شوان محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و بەرپرسی ڕێکخستنەکانی ئەو حزبە لە کەرکووک، بە (باسنیوز)ی ڕایگەیاند: "کەرکووک لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە چووەتە قۆناخێکی ترەوە، ئێستا کەرکووک لە ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکە و شارەکە بە ڕەوشێکی نا ئاسایی تێپەڕ دەبێت و کەرکووک لە ژێر ھەژموونی سەربازیدایە".
شوان محەمەد کە ئێستا ئاوارەی ھەولێر بووە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئێستا دەبێت بیر لەوە بکرێتەوە، چۆن ئەو دۆخە ”تێپەڕێنین“ و دەبێت کۆدەنگیی لایەنە سیاسییەکان بە تایبەتی یەکێتی و پارتی دوورست ببێت.
جەختیشی لەوە کردەوە: ”بەشێک لە بارەگای لایەنەکان لە کەرکووک کراوەتەوە و بارەگاکانی یەکێتی و لایەنەکانی تریش ئاڵای کوردستانیان لەسەر لادراوە و بەھیچ شێوەیەک ڕێگە بە ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان نادرێت و بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتی لە کەرکووک ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەوان لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک قسەیان کردووە کە ھەموو بارەگایەک دەبێت 3 پاسەوانی تێدا بێت و لە ناو بارەگاکە مۆڵەتیان پێ دەدەن چەکیان پێ بێت“.
لەلایەن خۆشیەوە نەوزاد ئەحمەد حەمەئەمین، ئەندامی پێشووی مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند: “سیاسەتی یەکێتی لە دوای 16ی ئۆکۆتبەرەوە لە سنووری ناوچە کوردستانییەکان بەتایبەت کەرکووک، چووەتە حاڵەتێکی تازەوە، کاتێکی زۆری دەوێت تا یەکێتی لەگەڵ خەڵکی ئەو دەڤەرە ئاشت ببێتەوە، چونکە پرسی هاتنی حەشدی شەعبی لە کەرکووک زیانێکی خراپی لە رێکخستنەکانی یەکێتی دا، ئیستاش نە بە کۆنگرە و نە بە ڕاگەیاندن، ئەو حاڵەتە پینە ناکرێت".
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "یەکێتی لە کەرکووک و ناوچەکە جێناکۆکەکان، کراوەتە ئامانج و دەنگی ناڕەزایی لەدژی هەیە، بۆیە داواکارم یەکێتی داوای لێبوورن بکات
باسنیوز
