کەمال کەرکووکی: ئامادەبووین لە پردێ بمرین

 کەمال کەرکووکی: ئامادەبووین لە پردێ بمرین

فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای کەرکووکی/ جەبهەی پردێی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە پێشمەرگە و فەرماندەییەکەیان ئامادەبوون لە پردێ بمرن و شکۆی نەتەورە نەشکێت.



کەمال کەرکووکی، فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای کەرکووکی/ جەبهەی پردێی هێزی پێشمەرگە، لە وتارێکدا، کە لە (باسنیوز) بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاندووە، پێشمەرگە لە پردێ وانەیەکی بە داگیرکەران (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵڵای لوبنانی) دا، کە ”هەرگیز لە یادیان ناچێت“.



کەمال کەرکووکی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دوای ئەوەی هەزاران کەسی دەرەکی بە چەکی ئەمریکی و بە چاوساغیی گرووپی خیانەتکاری 16ـی ئۆکتۆبەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانیان داگیر کرد، پێشمەرگە لە پردێ پەیمانی سەرکەوتن یان شەهیدبوونی دا و توانی کوردستان بپارێزێت لە داگیرکاریی دوژمن.



فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای کەرکووکی/ جەبهەی پردێ هەروەها رایگەیاندووە، پێش بەرگرییە قارەمانەکەی پردێ، کە شەڕەکە هەشت کاتژمێر بەردەوام بوو، پێشمەرگە و فەرماندەکانی میحوەرەکە ”ئامادەبوون بمرن، بەڵام شکۆی نەتەوە و نیشتمانەکەیان پارێزراو بێت“.



هەروەک کەمال کەرکووکی رایگەیاندووە، بە شکاندنی هێرشی دوژمن لە پردێ، مەحموودییە، زوممار و مەخموور، پێشمەرگە غرور و لەخۆباییبوونی دوژمنی تێکشکاند، کە بەهۆی گرووپە خیانەتکارەکەی یەکێتی بۆیان دروست بووبوو.



رۆژی 20/10/2017، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان داستانێکی گەورەیان لە شارۆچکەی پردێ تۆمار کرد و کوردستانیان لە داگیرکاریی هاوبەشی میلیشیای حزبوڵلای لوبنانی، میلیشیا عێراقی و ئێرانییەکان پاراست و تانکێکی جۆری ئەبرامزی ئەمریکی، کە میلیشیا ئێرانییەکان هێرشیان پێ هێنابوو، لەلایەن پێشمەرگەوە تێکشکێندرا.



بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16/10/2017، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیان کردە سەر کەرکووک و شارەکەیان داگیر کرد و هەزاران هاووڵاتیی ئەو شارە روویان لە هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان کرد.



رۆژی چوارشەممە 18/10/2017، کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا رایگەیاند، کە چەند “کاڵفام”ێکی ناو حزبەکەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی کوردستان جێبەجێ کرد و رایگەیاند، “ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکوک و ھەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەکانی تری گەلەکەمان ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو کاڵفامانەی ناو یەکێتی”.



حەشدی شەعبی لە نزیكەی 67 میلیشیای شیعە مەزهەبی عێراق پێك دێت، بە فەتوای عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق دوای هەرەس پێهێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014 لە لایەن چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش دروست بووە.




باسنیوز
Top