خاوەن پشەکەکانی (چاڤیلاند): لەبەردەم ماڵەکەی شاسوار عەبدولواحید خۆپیشاندان دەکەین
محەمەد عوسمان، خاوەن پشکی پڕۆژەی (چاڤیلاند)، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "شاسوار عەبدولواحید، بەشێوەیەکی نایاسایی پڕۆژە گەشتیارییەکە دەفرۆشێت، چونکە ئەو خاوەنی پڕۆژەکەیە و پارەی 10 ھەزار خێزانی لایە، ھەر کاتێک پارەی خاوەن پشکەکانی لا نەما، ئاساییە کۆمپانیاکانی بفرۆشێت“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”کاتێک ئێمە پشکمان لە (چاڤیلاند) کڕیوە، لە گرێبەستەکەدا ئاماژە بەوە نەکراوە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان پڕۆژە گەشتیارییەکە بە کۆمپانیایەکی دیکە دەفرۆشرێت، چونکە ئێمە مامەڵەمان لەگەڵ خودی کۆمپانیای (چاڤیلاند) کردووە و ڕاستەوخۆ شاسوار عەبدولواحید، سەرپەرشتیی پشکەکانی کردووە“.
ئەو خاوەن پشکە ئاماژەی بەوەش دا، بەھیچ شێوەیەک لەمافی خۆیان خۆش نابن و گوتی: ”پێشتر شاسوار عەبدولواحید پارەی پێ نەبووە، ئێستا بەھۆی فرۆشتنی کۆمپانیاکانیەوە پارەی هەیە، بۆیە ئەگەر پارەکەمان نەداتەوە، لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا خۆپیشاندان دەکەین“.
هەر لەمبارەیەوە شێرزاد ئازاد کە یەکێکی دیکە لە خاوەن پشکەکانی (چاڤیلاند) و ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە بەبڕی 22 ملیۆن دینار پشکی لە پڕۆژە گەشتیارییەکەدا کڕیوە، بە (باسینوز)ی ڕاگەیاند: ”باوەڕ ناکەم شاسوار عەبدولواحید، کۆمپانیاکانی فرۆشتبێ، بەڵکو دەیەوێ لەو ڕێگەیەوە خۆی لە قەرزی حکوومەت و خاوەن پشکەکان بدزێتەوە، بەڵام ئەگەر شاسوار عەبدولواحید، پارەی خاوەنی پشکەکانی دایەوە، بێگومان ئەو کاتە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە شاسوار عەبدولواحید ڕاستی کردووە، بەڵام ئەگەر پارەکانمان نەداتەوە، بێگومان ئەمە تەنھا فریودانی ئێمەیە و دەیەوێ خۆڵ بکاتە چاومان“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”ئێمەی خاوەن پشکەکانی (چاڤی لاند)، ھەڵەیەکی گەورەمان کرد، کاتێک پارەکانی خۆمان بە شاسوار عەبدوالواحید دا، بەڵام دڵنیای دەکەمەوە کە ناھێڵین ھیچ کەسێک وەک دکتۆر ڕووشدی پارەی خاوەن پشکەکان بخوات“.
جەختی لەوەش کردەوە: ”ئێمەی خاوەن پشکەکانی (چاڤیلاند)، پێشتر زۆر ھەوڵمان داوە بۆ ئەوەی پارەکانمان وەربگرینەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی شاسوار عەبدولواحید، دەستێکی مەزنی لەپشتەوە بووە، بەداخەوە ھەوڵەکانمان بێ سوود بووە و پارەکانمان وەرنەگرتووەتەوە، بەڵام ئێمە ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی مافەکانی خۆمان وەربگرینەوە“.
ئێوارەی دوێنێ سێشەممە 21/11/2017، شاسوار عەبدولواحید، لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە فرۆشتنی کۆمپانیای (نالیا) و کەناڵی (NRT) و پڕۆژەکانی سەر بە کۆمپانیاکانی ڕاگەیاند و خۆی لە سەرجەم ئەو قەرزانەی حکوومەت و هاووڵاتییانیش بێ بەری کرد کە لەسەری هەن و قەرزەکانی سەر کۆمپانیاکەی بە نزیکەی 3 ملیۆن دۆلار لە قەڵەم دا، لە کاتێکدا خاوەن پشکەکان باس لەوە دەکەن کە دەوروبەری 30 ملیار دیناری عێراقییان لە پڕۆژەی (چاڤیلاند) لای شاسوار عەبدولواحیدە.
باسنیوز
