ڕێککەوتنەکەی خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتی ژیانی کادیرانی ئەو حزبە ناپارێزێت

 ڕێککەوتنەکەی خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتی ژیانی کادیرانی ئەو حزبە ناپارێزێت
سەرەڕای ڕێککەوتنی گرووپی خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و میلیشیاکانی سەر بە ئێران، بەڵام ژیانی کادیرانی یەکێتی لە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پارێزراو نییە.



لە دوای خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی بەردەوام بانگەشەی ئارامیی ناوچە کوردستانییکان دەکەن و داوا لە هاووڵاتییانی کوردی ئاوارەبووی دەست ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر دەکەن، بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بگەڕێنەوە، بەڵام ناتوانن ژیانی کوردان و تەنانەت کادیرانی خۆشیان لەو ناوچانە بپارێزن.



لەم چوارچێوەیەدا خالید دارا، بەرپرسی کۆمیتەی ئازادیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خانەقین، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "شەوی ڕابردوو کۆمەڵێک چەکدار ھەڵیان کۆتاوەتە سەر ماڵی ئەندامێکی کۆمیتەکەمان لە گوندی (مەعروف)ی سەر بە خانەقین".



ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەو چەکدارانە ژمارەیان 10 تا 12 چەکدار بووە و ئەندامێکی کۆمیتەکەیانی بە ناوی حسێن عەلی شەهید کردووە و (عومەر حوسێن)ی کوڕیشی بریندار کراوە.

بەرپرسەکەی یەکێتی لە خانەقین بە ڕاشکاوانە ڕای گەیاند: ”لای ھەمووان ئاشکرایە کێ بەم کارە ھەستاوە و بەم کارانەش ئەو ھێزانە دەیانەوێت کورد لەناوچەکە نەھێڵن".



پێشتریش لەسەر داوای بەرپرسانی گرووپە خیانەتکارەکەی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتی، ئەرکان شەریف، وێنەگری کەناڵی (کوردستان تیڤی) کە هاوکات مامۆستا بووە، بۆ سنووری شارۆچکەی داقووق لە پارێزگای کەرکووک گەڕایەوە، بەڵام لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە بە شێوەیەکی دڕندانە و لەبەرچاوی هاوسەرەکەیەوە شەهید کرا.



ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.



ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.



باسنیوز
Top