خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتی نەخۆشکەوتنی کۆسرەت ڕەسوڵ دەقۆزنەوە
باڵی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتی، ئیستغلالی نەخۆشکەوتنەکەی کۆسرەت ڕەسوڵ دەکات و کار لەسەر بەیەکدادانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەکات. سەرکردەیەکی یەکێتیش ئاماژە بەوە دەدات، ئێستا بەپێی پەیڕەوی یەکێتی، ھیچ کەسێک دەسەڵاتی سکرتێر و جێگری سکرتێری یەکێتی نییە.
رۆژی شەممە 11/11/2017، کۆسرەت رەسوڵ، لە شاری سلێمانی ڕەوشی تەندرووستی تێک چوو، پاش گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە، نەشتەرگەریی گەدەی بۆ ئەنجام درا. دواتر بۆ پشکنینی زیاتری تەندروستی، بەپێی میدیا فەرمییەکانی یەکێتی، براوەتە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا.
سەرچاوەیەکی ئاگەدار ئاشکرای کرد، لەو دۆخەدا کە یەکێتی نە سکرتێر و نە جێگرانی سکرتێری گشتی لە حاڵەتی کارکردندان، گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتی، بەھۆی ئەوەی دارایی و راگەیاندنی یەکێتی لەبەردەستدایە و ئێستا سەرچاوەیەکی داھاتی لە فرۆشتنی ھەندێک لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک دەستدەکەوێ، دەستی کردووە بە ڕاکێشانی سەرکردەکانی یەکێتی بۆ دژایەتی و لێدان لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، بەتایبەتی ئەوانەی لە کۆسرەت ڕەسوڵ نزیکن.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا، مەلا بەختیار، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ویستوویەتی لەو دۆخەدا کە جەلال تاڵەبانی، وەکو سکرتێری گشتیی یەکێتی کۆچی دوایی کردووە و کۆسرەت ڕەسوڵ، وەکو جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی نەخۆشە و بەرھەم ساڵح، وەکوو جێگری دووەمی سکرتێر وازی لە یەکێتی ھێناوە، خۆی سەرپەرشتیی دۆخی ئێستای یەکێتی بکات، بەڵام لەلایەن پاڤڵ تاڵەبانی کە زاواشیەتی، سەرکردایەتیی یەکێتی ئاگەدار کراونەتەوە کە ئێستا مەلا بەختیار ناتوانێ ڕۆڵی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ببینێت، گوایە بە بڕیاری سەرکردایەتیی یەکێتی، مەکتەبی سیاسییان ھەڵوەشاوەتەوە.
بە گوتەی سەرچاوەکە ھەر ئەوەش ھۆکاری ئەوە بووە کە مەلا بەختیار داوای دادگاییکردنی ئەو گرووپە بکات لەسەر فرۆشتنی نەوتی کەرکووک و رادەستکردنی ئەو شارە بە حەشدی شەعبی.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، ئێستا ئەو گرووپەی ناو یەکێتی دەیانەوێ ھاوشێوەی خیانەتەکەیان لە کەرکووک، ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی بەکاربھێننەوە و دژایەتیی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییان پێ بکەن، کە زۆرینەیان ھاوڕا و پشتیوانی (کۆسرەت ڕەسوڵ)ن.
ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشی کرد، ئێستا ئەو باڵە ئۆفیسی تایبەت بەخۆیان داناوە و بە جیا لە یەکێتی، پێشوازیی لە میوانان و ئەو خەڵک و لایەنانە دەکەن کە سەردانیان دەکەن.
بەپێی زانیاریی ئەو سەرچاوەیە، ھەر ئەو گرووپە ھانی کادیرانی یەکێتیش دەدات کە لە دژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بنووسن و قسە بکەن، بە کەسانێک بیانناسێنن کە ھۆکاری پاشەکشەی یەکێتی بوون، ئەوەش لەلایەک دەبێتە ھۆی شاردنەوەی خیانەتەکەی خۆیان لە کەرکووک و لەلایەکی دیکەشەوە دەیانەوێ لە ڕێگەی سەرکردایەتیی یەکێتییەوە دەست بەسەر تەواوی بڕیارەکانی یەکێتیدا بگرن.
سەرچاوەکە ڕاشی گەیاند: ”ئەو بەیاننامەیەی کە بەناوی سەرکردایەتیی یەکێتی نووسراوە لە دژی د. نەجمەدین کەریم کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارێزگاری دوورخراوەی کەرکووکە، ھەر لەلایەن ئەو گرووپەوە نووسراوە و بە تەلەفۆن ڕای ھەندێ لە سەرکردایەتیی یەکێتی ھاوشێوەی خیانەتەکەی کەرکووکی لەسەر وەرگیراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەی سەرکردایەتیی یەکێتی بەھۆی بەرژەوەندییەکانیان لە یەکێتیدا لەو پرسە بێدەنگن“.
د.نەجمەدین کەریم، پارێزگاری دوورخراوەی کەرکووک لە ھەفتەی رابردوودا لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا باسی لە خیانەتی کەرکووک و ئەو گرووپەی ناو یەکێتی کرد، کە چۆن و بە چ شێوەیەک کەرکووکیان ڕادەست بە حەشی شەعبی کردووە.
ھەر دوای ئەوە، لە بەیاننامەیەکدا گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتی، بەناوی سەرکردایەتیی یەکێتییەوە روونکردنەوەیەکی لەسەر لێدوانەکانی نەجمەدین کەریم بڵاو کردەوە کە تیادا بەشێوەکی توند بەو ناوەوە ھێرشی کردە سەر نەجمەدین کەریم و چەندین تۆمەتی خستە پاڵ. وەکو ئەوەی خاوەنی تەواوی یەکێتیش بن، تیایدا ھەڕەشەی دادگایی حزبییان لە نەجمەدین کەریم کردووە.
بەپێی زانیارییەکان، لە چەند رۆژی ڕابردوودا، بەبیانووی ئەوەی کە رەنگە نەخۆشییەکەی کۆسرەت رەسووڵ زۆر بخایەنێت، ئەو گرووپەی یەکێتی، بە سەرپەرشتیی ھەریەکە لە شاناز ئیبراھیم و لاهور جەنگی و بە ھاوکاریی عادل موراد و چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی ناوەندی، ھەوڵیان داوە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بکرێت و لەو کۆبوونەوەیەشدا کۆتاییھێنانی کاری مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕابگەیەنرێت، لیژنەیەک لەجیاتی ئەوان دەست بەکار بێت بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی یەکێتی و خۆ ئامادەکردن بۆ کۆنگرە.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، ئەوەی ئێستا بووەتە کێشە بۆ ئەو گرووپەی یەکێتی ئەوەیە کە زۆربەی ئەندامانی سەرکردایەتی کە لەمەوبەر لایەنگری باڵی دەستڕۆیشتوو بوون و دژی مەکتەبی سیاسی بڕیاریان داوە، ئێستا پەشیمان بوونەتەوە، کاتێک ئەوەیان بۆ ئاشکرا بووە کە لەلایەن ئەو باڵەوە ھەوڵی ئەوە دەدرێت کە لە کۆنگرەی داھاتوودا سەرجەم سەرکردە و بەرپرسە تێکۆشەرەکانی پێشمەرگە لە یەکێتیدا پەراوێز بخرێن و لە سەرکردایەتیکردنی حزبەکەش دووربخرێنەوە.
ھەر بەپێی زانیارییەکان، بەشێکی زۆری ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی مەرجیان بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی حزبەکەیان ئەوەیە کە یەکەم خاڵی ئەجێندای ئەو کۆبوونەوەیە بڕیاردانی پێکھێنانی لێژنەی لێکۆڵینەوە بێت لە ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر.
سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد، بەھۆی ڕووداوەکانی کەرکووک و خورماتووەوە، لە ڕووی جەماوەرییەوە ئەو ڕووداوانە گورزێکی کەمەرشکێنی لە یەکێتی داوە و سەرجەم ئۆرگانەکانی یەکێتیش لە ڕاپۆرتەکانیاندا بۆ سەرووی خۆیان باسیان لەوە کردووە کە ئەگەر ئۆباڵی ڕووداوەکانی ئۆکتۆبەر نەخرێتە ئەستۆی ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە، ئەوا لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ھەرێمی کوردستاندا و عێراقیشدا یەکێتی تووشی شکستێکی وەھا دەبێت کە لەسەر نەخشەی سیاسی ھیچ بایەخی نەمێنێت.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئەوانەی لەپشت ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە بوون، دووچاری سەرلێشێوان بوون، بەتایبەت کە بەڵێنیان بە ھەندێک لە لایەنگرانان دابوو کە ئەوان بۆ ئەوە ئەو کارەیان کردووە تا یەکێتی بەتەنیا دەست بەسەر کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستاندا بگرێت، بەڵام کە دەرکەوت ئێستا حەشدی شەعبی لە کەرکووک ھیچ حاسابێک بۆ ئەوان ناکات، زۆربەی لایەنگرەکانیان و بەتایبەت کەرکووکییەکان پشتیان تێ کردوون، تەنانەت خودی لاھور جەنگی کە ھەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ دڵدانەوەی ئەو کادیرانەی لە ناوچە دابڕەوەکانی کوردستان دان، لە دانیشتنێکی نھێنیدا ئەوەی درکاندووە کە ئەو سەرکەوتوو نەبووە لەوەی لە ڕێگای پارە و کۆمەکی داراییشەوە ڕووی خۆی و گرووپەکەی لەبەرامبەر ئەو کادیرانەی یەکێتی سپی بکاتەوە.
بەپێی سەرچاوەکە، مەکتەبی سیاسی دەستی بەسەر چەند ڕاپۆرتێکی نھێنی ئەو گرووپەی ناو یەکێتیدا گرتووە و پیشانی ھێرۆ ئیبراھیمی داوە.
سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، ئەو ڕاپۆرتانە بریتی بوون لە پلانی گرووپی 16ی ئۆکتۆبەر بۆ ئەوەی کۆنگرەی داھاتووی یەکێتی بە شێوەیەک ئامادە بکەن کە بەشداربووانی کۆنگرە بە جۆرێک دەنگ بۆ ئەو لیستە بدەن و سەریبخەن بۆ سەرکردایەتی و سکرتێری گشتیی یەکێتی کە خۆیان دایانناوە.
ھەر بەپێی زانیاریی ئەو سەرچاوەیە، زانیارییەکی تر کە لەو ڕاپۆرتانەدا ھاتووە ئەوەیە کە نابێت لە کۆنگرەی داھاتووی یەکێتیدا ھیچ کەسێک بگاتە پۆستی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کە مێژووی لە خەباتی شاخ و پێشمەرگایەتیدا ھەبێت.
بەپێی زانیارییەکان، لە دۆخی ئێستادا فەرماندە سەربازییەکانی یەکێتی کە پێیان زانیوە، ھۆشدارییان داوەتە ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد کە ئەوان وەکو پێشمەرگە تەنیا فەرمان لە کۆسرەت ڕەسوڵ وەردەگرن و ئێستاش کە ئەو نەخۆشە، فەرمان لە شێخ جەعفەر وەردەگرن، بەوەش قایل نابن کە نەخۆشکەوتنی کۆسرەت رەسوڵ بە دەرفەت بزانرێ بۆ دەست بەسەرداگرتنی یەکێتی، بۆیە ئەگەر بزانن کەسانێک بەو ئاراستە کار دەکەن، بەبێ گەڕانەوە بۆ ھیچ کەسێک، بە زەبری ھێزی پێشمەرگە کارەکە یەکلایی دەکەنەوە.
لەمبارەوە، نەرمین عوسمان، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ (باسنیوز) رای گەیاند، ئێستا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، ھیچ کەسێک، کەسی یەکەمی یەکێتی نییە. گوتیشی: “بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیش، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ھەڵوەشاوەتەوە، کەوا بێت ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر پرسەکان دەدات”.
ئەو سەرکردەیەی یەکێتی ئاماژەی بەوەش دا، نەخۆشکەوتنی کۆسرەت ڕەسوڵ، بووە ھۆی ئەوەی نەتوانرێ ئەو لیژنەیە دیاری بکرێن کە بڕیابوو لە شوێنی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بێت، ڕاشیگەیاند: “ئێستا ھیچ وادەیەک بۆ ئەو کۆبوونەوەیەی سەرکردایەتیی یەکێتی، بەھۆی ئەو دۆخەوە دیار نییە”.
لەلایەن خۆیەوە، ڕەھبەر سەید ئیبراھیم، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕاگەیاند: "مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە فەرمی ھەڵنەوەشاوەتەوە و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی وەکوو جاران ئیش و کارەکانی یەکێتی بەڕێوە دەبەن“. گوتیشی: “راستە ژمارەیەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، داوای ھەڵوەشاندنەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییان کردووە، بەڵام تا ئێستا مەکتەبی سیاسی وەکو خۆی ماوە و دەستەی کارگێڕی، خاوەنی بڕیارە و ئیش و کارەکانی یەکێتی بەڕێ دەکات".
پێشتریش، فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەکردایەتی یەکێتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند بوو: "کە شتێک نەماوە بەناوی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان". بەو هۆیەشەوە میدیاکانی مەلا بەختیار بە توندی وەڵامیان دایەوە و بە هەوڵدان بۆ ”تێکدانی زیاتری یەکێتی“ تۆمەتباریان کرد.
لەمبارەوە پەیوەندی بە قادر حەمەجان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوو لەسەر ئەو پرسە قسە بکات.
BAS NEWS-
