کوردستانیان: بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری سەربەخۆیی نابین و نەبووینە

کوردستانیان: بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری سەربەخۆیی نابین و نەبووینە
كوردستانیان بە هەموو شێوەیەك هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم ڕەت دەكەنەوە، ڕاستە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم خواستی بەغدایە، بەڵام خواستی ئێمە سەربەخۆییە، بۆیە هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت ڕیفراندۆم هەڵبوەشێنێتەوە.

(محەمەد كەریم)، هاووڵاتییەكی شارۆچكەی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''بە هیچ شێوەیەك ڕازی نابم ڕیفراندۆم هەڵبوەشێتەوە، چونكە مافی ئێمەیە وەكو گەلی كورد، كە پاش ئەو هەموو خەبات و قوربانیدانە بڕیار لە چارەنووسی خۆمان بدەین، ئێستاش كە بڕیاری خۆمان داوە، ڕازی نابین كەس ئەنجامی ڕیفراندۆم هەڵبوەشێنێتەوە.''

(زكری ڕەسووڵ)، هاووڵاتییەكی مێرگەسوورە، بەۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''هەموو ئاواتی ئێمە ئەوە بووە كە دەوڵەتی خۆمان هەبێت، ئێستاش هەمان ئاواتمان هەیە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک ڕازی نینە ئەنجای ڕیفراندۆم هەڵبوەشێتەوە، لەگەڵ ئەوەش، جگە لە گەلی كورد هیچ كەس و لایەنێك مافی ئەوەی نییە ئەنجامی ڕیفراندۆم هەڵبوەشێنێتەوە، ئەگەر 100 جاری دیكەش ڕیفراندۆم بكرێت، ئامادەم لە پێناو ئازادیی خۆم و كوردستاندا دەنگ بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدەم.''

(قادر حاجی)، هاووڵاتییەكی شارۆچكەی ڕواندزە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون كردەوە: ''بە درێژای 100 ساڵی ڕابردوو خەباتمان كردووە و قوربانیمان داوە، چەندین جار لەسەر كوردبوونم گیراوم و ئەشكەنجە دراوم، ئێستاش كە دەنگم بۆ سەربەخۆیی داوە، بە هەمان ئاواتی جاران چاوەڕوانی ئەوەم بەو ڕۆژە بگەم و دەوڵەتی خۆمان هەبێت، دڵنیاشم ئەگەر كورد یەكگرتوو بێت بەو ئاواتە دەگەین، بۆیە داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكان دەكەم، یەكڕیزیی خۆیان بپارێزن بۆ ئەوەی دەنگی گەلی كورد بەفیڕۆ نەچێت و كورد بەو ئاواتە بگات، كە دەریایەك خوێنی بۆ داوە.''

(موحسین ئەحمەد)، هاووڵاتییەكی شارۆچكەی چۆمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: ''لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هەست بە ئاسوودەیی دەكەم، ئامادەشم بۆ سەربەخۆیی هەموو قوربانییەك بدەم، بۆیە بە هیچ شێوەیەك ڕازی نیمە ئەنجامی ڕیفراندۆم هەڵبوەشێتەوە، كە هەرچەندە جگە لە گەلی كوردستان كەس ناتوانێت ڕیفراندۆم هەڵبوەشێنێتەوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەك دەستبەرداری سەربەخۆیی نابین.''
KDP-
Top