لێژنەی ناوخۆی پەرلەمان: لەپێناو ئەوەی بڵێین کەرکووک ئارامە خەڵکی خۆمان ناکەینە قوربانی

 لێژنەی ناوخۆی پەرلەمان: لەپێناو ئەوەی بڵێین کەرکووک ئارامە خەڵکی خۆمان ناکەینە قوربانی
ئەندامێکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنی خۆجێی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "ئەو ھەوڵانەی دەدرێن گوایە بۆ ئەوەی رێگای ھەولێر - کەرکووک بکرێتەوە، سەر ناگرێت، چونکە موزایەدەی سیاسی ناکرێت و شوێنی ئارامی و ژیان و گوزەرانی خەڵک بگرێتەوە".

چەند پەرلەمانتارێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، داوا دەکەن کە ڕێگای نێوان ھەولێر و کەرکووک بکرێتەوە، بەو بیانووەی کە ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی کەرکووک و هاتوچۆی هاووڵاتییان بکرێت.

لە بەرامبەردا ئاواز حەمید ئەفەندی، ئەندامی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنی خۆجێی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: "ماوەیەکە ھەندێک پەرلەمانتار بەتەمان فشار دروست بکەن گوایە ئەو ڕێگایە بکرێتەوە، بەڵام دڵنیایی خەڵکی کوردستان دەکەینەوە کە بە ھیچ شێوەیەک ناکرێت خەڵکی خۆمان بکەینە قوربانیی ئەوەی بڵێین شاری کەرکووک ئارامە و ھیچ گەرەنتییەک بۆ ھاووڵاتیانی سڤیل لەو ڕێگایە نییە، چونکە حەشدی شەعبی ناوی خەڵکیان لایە و ڕۆژانەش ھەڵدەکوتنە سەر مالی خەڵک و چ بگاتە ئەوەی خەڵکی لە شارەکانەوە بڕوات بۆ کەرکووک".

ئەو ئەندام پەرلەمانە لە درێژەی لێدوانەکەیدا گوتیشی: "ئەوە بریارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئاسایشی ھەولێر لەپێناو موزایەدەی سیاسیی خەڵک ناکەینە قوربانی و کێ گەرەنتی لەو پەرلەمانتار و لایەنانە وەردەگرێت، فەرموون بڕۆنەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە کە بە شێوەیەکی بەردەوام، بەرپرسانی گرووپە خیانەتکارەکەی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوا لە کوردانی کەرکووک دەکەن، بۆ سنوورەکەیان بگەڕێنەوە. پێشتریش شەهید ئەرکان شەریف، وێنەگری کەناڵی (کوردستان تیڤی) کە هاوکات مامۆستا بووە، دوای بانگەشەکانی ئەو گرووپە خیانەتکارەی نێو یەکێتی، بۆ سنووری داقووق گەڕایەوە، بەڵام لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە بە شێوەیەکی دڕندانە شەهید کرا.

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.










باسنیوز
Top