بوومەلەرزە مەترسی لەسەر ژیانی قوتابییانی خوێندنگەیەک درووست کردووە

 بوومەلەرزە مەترسی لەسەر ژیانی قوتابییانی خوێندنگەیەک درووست کردووە
بە ھۆی بوومەلەرزەکەی شەوی یەکشەممەی ڕابردوو 12/11/2017، زیان بە بەشێک لە باڵاخانەی قوتابخانەی رۆژھەڵاتی بنەڕەتی لە شاری ھەولێر گەیشتووە و بەڕێوەبەری قوتابخانەکەش نایشارێتەوە کە مەترسی لەسەر ژیانی قوتابییان هەیە.

ئەمڕۆ سێشەممە 21/11/2017، سۆزان قادر خدر، بەڕێوەبەری قوتابخانەی رۆژھەڵاتی بنەڕەتی لە گەڕەکی (ڕووناکی)ی شاری هەولێر، ڕایگەیاند: "لە دەوروبەری قوتابخانەکەمان کاری بیناسازی دەکرێت و چاڵ ھەڵکەندراوە، بۆیە ئەگەر بومەلەرزەیەکیتر ڕووبداتەوە، ڕەنگە کاریگەری بخاتە سەر قوتابخانەکەمان".

هەرچەندە بەهۆی بوومەلەرزەکەی سەرەتای هەفتەی ڕابردووەوە، زیان بە بەشێک لە قوتابخانەکە کەوتووە و ژوورێک کە بۆ قوتابییانی پۆلی چوارەمی بنەڕەتی بەکار دەهێندرێت، لە ژوورەکانی دیکە زیاتر مەترسیی داڕووخانی لەسەرە، بەڵام بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەڵێت: ”بەهۆی بومەلەرزەکەوە پۆلەکان زیانی پێ نەگەیشتووە، بەڵام بیناکە کۆنە، ئەمەش ڕەنگە مەترسیی داڕووخانی لێبکەوێتەوە“.

بەڕێوەبەری قوتابخانەی رۆژھەڵاتی بنەڕەتی، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ”ئێمە بە نووسراوی فەرمی لایەنە پەیوەندیدارەکانمان لەو دۆخە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا سەردانی مەیدانییان بۆ قوتابخانەکە ئەنجام نەداوە“.

لە بارەی ھەر مەترسییەک بۆ سەر قوتابییانی ئەو قوتابخانەیە، سۆزان قادر خدر ڕایگەیاند: ”من بەرپرسیارێتیم لەسەر خۆم ھەڵگرتووە و پەروەردەم ئاگادار کردووەتەوە“.

لەم بارەیەوە، مامۆستا حەمەدەمین ناوپردانی، بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندیی ھەولێر، ڕایگەیاند: "بەشی ئەندازەی قوتابخانەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی ھەولێرە و ئەوان بۆ ھەر بابەتێک داوایان لێ بکرێت، دەبێت سەردان بکەن".

ئەوەشی خستە ڕوو: "لەبارەی زیانگەیاندن بەھۆی بومەلەرزەوە، نە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە و نە سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی ئێمەیان ئاگادار نەکردووەتەوە".

بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندیی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەن.

شەوی یەکشەممە 12/11/2017، بوومەلەرزەیەک ھەرێمی کوردستانی گرتەوە و بەو ھۆیەوە 8 ھاووڵاتیی گیانیان لە دەست دا و سەدان کەسیش بریندار بوون و زیانی ماددیش هەبوو، بەڵام زۆرتر زیانەکان لە سنووری شارەکانی (هەڵەبجە، دەربەندیخان و کەلار) بوون.











باسنیوز
Top