بەهۆی گرووپی خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتییەوەیە، دەیان ئەندامی یان لە سنووری کەرکووک واز لە حزبەکەیان دێنن

بەهۆی گرووپی خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتییەوەیە، دەیان ئەندامی  یان لە سنووری کەرکووک واز لە حزبەکەیان دێنن
دوای داگیرکردنی کەرکووک لە لایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە، ڕەخنەی توند ئاراستەی گرووپی خیانەتکاری ١٦ی ئۆکتۆبەری ناو یەکێتی دەگیردرێت و چەندین ئەندامی ئەو حزبە دەستبەرداری ئەندامێتییان بوون لەو حزبەدا.



سەرچاوەیەک لەناو ڕێکخستنەکانی یەکێتی لە کەرکووک، کە نەیوسیت ناوی ئاشکرا بکەین،ڕای گەیاند: "دوای ئەوەی لە لایەن گرووپی خیانەتکاری ١٦ی ئۆکتۆبەری ناو یەکێتی کەرکووک و بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکانی ڕادەستی حەشدی شەعبی کرا، ئێستا جەماوەری یەکێتی زۆر تووڕەن لەو گرووپەی ناو یەکێتی و تەنانەت بەئاشکرا لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و دانیشتنە کۆمەڵایەتییەکانیش باس لە خیانەتی ئەو گرووپەی ناو یەکێتی دەکەن، بەڵام زۆربەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی لەگەڵ ئەو گرووپەی یەکێتیدا نین".



سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، بەشێک لە بەرپرسانی باڵای ناو یەکێتی لە کەرکووک، بەھۆی ھەندێک ئیمتیازاتەوە بوونەتە لایەنگری گرووپەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئەمەش جارێکی تر ناڕەزایی لێ کەوتووەتەوە و تەنانەت دەیان کەس لە کەرکووک دەستبەرداری ئەندامێتییان بوونە لە یەکێتی، بەھۆی ڕەفتارەکانی بەرپرسانی یەکێتی لە کەرکووک و گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەری ناو یەکێتی.



سەرچاوەکەی نیو رێکخستنەکانی یەکێتی، ئاشکراشی کرد، ئەو بەرپرسانە تەنانەت خیانەتیان لە نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووکیش کرد، کە دواجار پشتیان لێ کرد و ئەوەیان لەپێش چاو نەبوو کە بەھۆی نەجمەدین کەریمەوە توانرا یەکێتی لە کەرکووک بەھێز بکرێت و لەدوایین ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، یەکێتی توانیی نیوە دەنگەکانی ھەموو کەرکووک بەدەست بھێنێت و ببێتە خاوەن شەش کورسی لە کۆی دوازدە کورسی، بەڵام ئیتر ھەرگیزاوھەرگیز ئەو دەنگە بەدەست ناھێنێتەوە.



لەم بارەیەوە، ئامینە زکری، ئەندامی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ (باس) ڕای گەیاند: "دوای داگیرکردنی کەرکووک و دەوروبەری لە لایەن حەشدی شەعبییەوە، خەڵکێکی زۆر ئاوارەی شارەکانی ھەرێمی کوردستان بوون و ئەو چەکدارانە تەعەدای جۆراوجۆریان لە خەڵک کردووە، ھەر لە ماڵ سووتاندن و ڕفاندن و ئەشکەنجەدانەوە بیگرە تا تەعەدای نامووس لە کچان و ئافرەتان، ئەو چەکدارانە بە تایبەت لە خورماتوو کردەوەی ھۆڤانەیان ئەنجام داوە، ئەمەش بەھۆی خیانەتە گەورەکەی گرووپێکی ناو یەکێتییەوە بووە و ئەو گرووپە خەنجەرێکی سامناکیان لە کورد دا و بەھۆی ئەو خیانەتەوە دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان تێکچوو، کە ماوەیەکی زۆر بوو پێشمەرگە توانیی دۆخی ئەو ناوچانە بپارێزێت و خەڵک حەسابووەوە".



ڕاشی گەیاند: "گرووپی خیانەتکاری ناو یەکێتی دەبێت ریسوا بکرێن، چونکە ئێمە لە قۆناخێکی زۆر زێڕیندا بووین، بەڵام بەداخەوە ئەو گرووپە ڕەوشەکەیان تێکدا، کە ئەوانیش مێژوو نەفرەتیان لێ دەکات".



گوتیشی: "لە مانگی حوزیرانی ٢٠١٤ کاتێک کە تیرۆریستانی داعش ویستیان کەرکووک داگیر بکەن، ھەر پێشمەرگە و خەڵکی کەرکووک بوو ڕێگەیان نەدا، ئێستا ئەوەش بیانوو نییە کە بگوترێت پێشمەرگە چەکی باشی پێ نەبووە بۆیە کشاونەتەوە، بەڵکوو کشانەوەکە لە ئەنجامی ڕێککەوتنێک بووە کە ئەو گرووپەی ئاماژەمان بۆی کرد ئەنجامیان دا و پێشمەرگە چۆن توانی کەرکووک لە داعش بپارێزێت، دەشیتوانی کەرکووک لە حەشدی شەعبی بپارێزێت".



ئەندامەکەی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئێستا یەکێتی لە کەرکووک، تەنانەت لەسەر بارەگاکانیان ناتوانن ئاڵای کوردستان دابنێن، ئەمەش بەرامبەر خوێنی پێشمەرگە و قوربانیدانی میللەتەکەمان شەرمەزارییەکی گەورەیە و ھەروەھا ئێستا لەناو بارەگاکانیان، ناتوانن چەکداری خۆیان دابنێن و بۆیان دیاری کراوە کە دوو تا سێ پاسەوان بارەگاکەیان بپارێزن".



لە لایەکی ترەوە، مەڵبەندی دووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک، لە سایەی حەشدی شەعبیدا کۆبوونەوەیەک بە ژمارەیەک ھاووڵاتیی ئەنجام دەدەن.



بەپێی زانیارییەکانی (باس) ئەو کۆبوونەوەیە بە ژمارەیەک لە موختار و ھاووڵاتیی گەڕەکە کوردییەکان لەو شارەدا کراوە.



لە کۆبوونەوەکەدا فەرماندەیەکی باڵای فەرماندەیی پرۆسەکانی کەرکووک کە لە لایەن حەشدی شەعبییەوە لەو شارە دانراوە،‌ ئامادە بووە و تێیدا غازی کەرکووکی جێگری مەڵبەندی کەرکووک و عەلی قەڵایی کارگێڕی مەڵبەند لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوونە.



ئەو کۆبوونەویە لە گەڕەکی پەنجا عەلیی شاری کەرکووک ئەنجام دراوە و تێیدا باس لە چەند تەوەرێک کراوە و یەکێک لە تەوەرەکان ئەوە بووە کە دۆخی ئەمنیی کەرکووک ئارامە و لەژێر کۆنتڕۆڵی ھێزە ئەمنییەکاندایە، ھەروەھا داوایان لە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە کردووە کە ھەر شتێکی نامۆیان بینی زانیاری بدەنە دەزگا ئەمنییەکان.



ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژانە چەکدارانی حەشدی شەعبی کردەوەی توندوتیژی دژ بە ھاووڵاتییان لە کەرکووک ئەنجام دەدەن.



ھەروەھا، ھەژار کاکەیی، پارێزەر و چالاکوانی دیاری کۆمەڵگای مەدەنی لە کەرکووک، لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک دەنووسێت، ھەر کۆمیتە و بارەگایەکی یەکێتی لە کەرکووک ئەفسەرێک لە حەشد یان سوپای عێراق سەرپەرشتیی دەکات، واتا ئەو ئەفسەرە ئاگاداری سەرجەم جموجۆڵەکانی ئەو بارەگایە دەبێت و ھەر کارێک کە کۆمیتەکانی یەکێتی پێویست بێت بیکەن یان بچن بۆ شوێنێک، دەبێت بە ‌فەرمانی ئەو ئەفسەرە بێت.



کاکەیی دەشنووسێت، واتا بەرپرسی کۆمیتەکە نا، بەڵکوو ئەفسەرەکە بەرپرسی یەکەمە لەو سنوورە لەناو یەکێتی، بۆ ھەر کۆمیتەیەکیش چەکێک یان دووان لە جۆری کڵاشینکۆف دابین کراوە و بۆ چەکەکانیشیان ناسنامەی حەشدی شەعبی یان سوپای عێراقیان بۆ کراوە.



بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، بە ‌چاوساخیی گرووپێکی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سوپای عێراق، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵای لوبنانی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران ھێرشیان کردە سەر خورماتوو و کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورەیان داگیر کرد و ھەزاران ھاووڵاتیی روویان لە ھەرێمی کوردستان کرد.


باسنیوز
Top