چاودێرێکی سیاسی: میلیشیاکان فێڵیان لە گرووپە خیانەتکارەکەی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتی کرد و ئەم گرووپەکە لە ڕێگەی پەرلەمانتارانیەوە هەوڵی ڕووسپیکردنەوە دەدات“
بەگوێرەی نامەیەک کە بەرواری 19/11/2017 واژۆ کراوە و (ئاڵا تاڵەبانی، شوان داودی، ڕێبوار تەها، محەمەد عوسمان و پەرلەمانتارانی دیکەی یەکێتی لە کەرکووک) کە بە پشتیوانیکردنیان بۆ خیانەتی گرووپەکەی 16ی ئۆکتۆبەری نێو حزبەکەیان ناسراون، داوایان لە سەرۆک و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کردووە، راکان سەعید جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت کە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دانراوە، لە پۆستەکەی لابدات و بەوە تۆمەتباریان کردووە کە لە دەرەوەی یاسا فەرمانی دەرکردووە و بە ئەجێندای نەتەوەیی و بە ئامانجی درووستکردنی دووبەرەکی لەنێو پێکهاتەکانی پارێزگای کەرکووک کاری کردووە.
لە بەرامبەردا د. ناسیح غەفوور، چاودێری سیاسی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”گرووپی 16ی ئۆکتۆبەر کاتێک هاوپەیمانییان لەگەڵ بەغدا بەست، دەبووایە حسابی ئەم ڕۆژەیان بکردبایە، ئەم 6 پەرلەمانتارە و گرووپەکەش بۆیان دەرکەوتووە کە ھاوپەیمانەکانیان فێڵیان لێ کردوون، چونکە بەڵێنی زۆریان وەرگرتبوو، بەڵام ھیچیان نەبرایە سەر، ئەو گرووپە لەدژی پارێزگاری کورد بوون کە لەخۆیان بوو، ئێستا دەبێت چی لەوانە چاوەڕوان بکرێت؟“.
ناسیح غەفوور نەیشاردەوە کە نامەکەی پەرلەمانتارانی سەر بە گرووپە خیانەتکارەکەی نێو یەکێتی، بۆ ئەوەیە ”ڕووی خۆیان سپی بکەنەوە“ و ”بە خەڵک بڵێن گوایە ئەوان بەرگری لە شارەکە دەکەن، بەڵام بێسوودە“.
چاودێرە سیاسییەکە دووپاتی کردەوە کە نامەکە بەڵگەیە لەسەر نائارامیی کەرکووک، بە توندی ڕەخنەی ئەوەشی لە گرووپەکە گرت کە لەجێگەی ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە تاوانەکانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک، دێن نامەیەک دژی پارێزگارەکەی حەشدی شەعبی لە کەرکووک دەنێرن و ”دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە ڕووی خۆیان سپی بکەنەوە“.
