كەركووك داگیر كراوە و كۆبوونەوە تێیدا ئەنجام نادرێت"

كەركووك داگیر كراوە و كۆبوونەوە تێیدا ئەنجام نادرێت
بڕیار بوو ئەمڕۆ سێشەممە 21/11/2017، ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، بۆ یەكەین جار دوای داگیركردنی شارەكە لەلایەن میلشیاكانی حەشدی شەعبییەوە كۆبوونەوەی ساز بدات، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكیش ڕای دەگەیەنێت، كۆبوونەوەكە دوا خراوە.



محەمەد كەمال، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، ڕاگەیاند: "كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ساز نەدرا، ئەویش بەهۆی ئەوەی كە داوامان كردبوو كۆبوونەوەكە لە دەرەوەی شاری كەركووك ئەنجام بدرێت، چونكە ئێستا حەشدی شەعبی كەركووكی داگیر كردووە و ئێمەش ناتوانین لەناو كەركووك كۆبوونەوە ئەنجام بدەین".



ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پاریزگای کەرکووک ڕاشی گەیاند: "هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، هەوڵی ئەوە دەدەن كە كۆبوونەوە لەناو كەركووك ئەنجام بدەن، بەڵام ئەو هەوڵەیان سەر ناگرێت".



بە گوێرەی زانیارییەكان هۆكارێكی دیكەی سەرەكی ئەنجامنەدانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك لەناو كەركووك بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ژیانی ژمارەیەكی بەرچاو لە لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ئەگەر بگەڕێنەوە دەكەوێتە مەترسییەوە.



هەر بەپێی زانیارییەكان گە لە ئەندامانی كورد ئەندامانی عەرەب و توركمانیش لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، بەهۆی هەڕەشەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە ئاوارەی شاری هەولێر بوون.



هاوكات تەنیا فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك هەوڵی سازدانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك دەدات.



پێشتر عیرفان كەركووكلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، بۆ (باسنیوز) ڕای گەیاند: "ماڵەكەم لە لایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە سووتێنراوە و تا حەشدی شەعبی لە ناو كەركووك بێت، زۆر ئەستەمە بگەڕێنەوە بۆ شارەكە".



ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاكانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی یەكێتی، پەلاماری كەركووك و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان هاووڵاتیی كوردیان شەهید و بریندار كرد و نزیكەی 200 هەزار كەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.



ڕۆژی 18ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، كۆسرەت ڕەسوول عەلی، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی لە پەیامێكدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی كارەساتەكانی كەركووك و خورماتوو لە ئەستۆی كاڵفامەكانی ناو یەكێتی دایە".



باسنيوز
Top