حەشدی شەعبی بۆ دەست بەسەرداگرتنی چەند بیرەنەوتێک چوونەتە سنووری کفری و بە ئاگاداری و ھاوبەشیی گرووپی خیانەتەکەی 16ـی ئۆکتۆبەر

 حەشدی شەعبی بۆ دەست بەسەرداگرتنی چەند بیرەنەوتێک چوونەتە سنووری کفری و   بە ئاگاداری و ھاوبەشیی گرووپی خیانەتەکەی 16ـی ئۆکتۆبەر
دوای ئەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پارسدارانی ئێران، بەھاوکاریی گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ناو یەکێتی، کەرکووکیان داگیر کرد، دەستیان بە ناردنی نەوتی شارەکە کرد لەڕێگەی تانکەرەوە بۆ ئێران و بەشی گرووپەکەشی تێدایە.



لەم بارەیەوە، دڵشاد شەعبان، جێگری سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕای گەیاند: "ڕۆژانە دەیان ھەزار بەرمیل نەوت لە کەرکووکەوە بە تانکەر دەنێردرێت بۆ ئێران، ئەوەش دەزانین کە ڕۆژانە ٣٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەر لە کەرکووکەوە ڕاستەوخۆ بۆ دوو پاڵاوتگەی گەورەی ئێران دەڕوات و نەوتی کەرکووک بە ڕێککەوتنی حکوومەتی عێراقی و گرووپی خیانەتکاری ١٦ی ئۆکتۆبەری ناو یەکێتی دەڕوات بۆ ئێران، لەبەرامبەردا ئەو گرووپەکە ڕۆژانە یەک ملیۆن دۆلار وەردەگرن".



ڕاشی گەیاند: "حکوومەتی عێراق بە حوکمی ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی نەوتی بەریتانیدا ھەیە، بەڵام کێشەی گواستنەوەی نەوتەکەیان ھەیە، ئەگەر بەرھەمھێنانی نەوتیش زیاد بکرێت ناتوانرێت ئەو بڕە نەوتە زۆرە ھەناردەی دەرەوە بکەن، پێویستە ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن و لە ڕێگەی رۆزنەفتی رووسیشەوە دەتوانرێت نەوت ھەناردە بکرێت".



گوتیشی: "حکوومەتی عێراق داوای لە کۆمپانای کار گرووپ کردووە کە جارێکی تر بگەڕێنەوە کێڵگە نەوتییەکانی ھاڤانا و بای حەسەن لە سنووری کەرکووک، بەڵام بە حوکمی بوونی گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی، کە کەرکووکیان داگیر کردووە، نەتوانراوە ئەو کۆمپانیایە بگەڕێتەوە ئەو سنوورە و بەرپرسانی کۆمپانیاکەش بەپێی زانیارییەکانمان مەرجی چوونیان بۆ ئەو سنوورە ئەوەیە،‌ کە گەرەنتیی ژیانیان بکرێت و ئێستا ئەو دوو کێڵگە نەوتە، نەوتی لێ دەرناھێنرێت و حکوومەتی عێراقیش نەیتوانیوە پەرە بە دەرھێنانی نەوتی ئەو کێڵگانە بدات و کۆمپانیای رۆزنەفتی رووسیش کە ئەویش ڕێککەوتنێکی بەپێی دەستوور کردووە و گرێبەستیان لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیە و یەکێک لەو گێڵگانە کە دەبوو پەرەی پێ بدەن ئەویش لە سنووری کەرکووکە، ئێستا ئەمەشیان کێشەیەکی ترە".



ھەروەھا دڵشاد شەعبان، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "حکوومەتی عێراق ھیچ ڕێگەیەکی نییە نەوتەکەی بگوازێتەوە بۆ دەرەوە، تەنیا دەبێ بەناو خاکی ھەرێمی کوردستان ببرێتە دەرەوە و ئەگەر حکوومەتی عێراق لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێک نەکەوێت ئەو ٣٠٠ ھەزار بەرمیلە لەگەڵ ئەو ٢٥٠ ھەزار بەرمیلەی لە ھەرێمی کوردستانەوە کە ڕۆژانە دەکاتە ٥٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم دەچێتە دەرەوە، ئەوەش لەناو پرۆژە بودجەی عێراقدا جێگایان بۆ داھاتی ئەو نەوتەش داناوە، واتا ئەو ١٠٢ ملیار دۆلارەی کە بودجەی عێراقی پێ قەبڵێنراوە بۆ ساڵی ٢٠١٨، ئەگەر ئەو رێککەوتنە نەکرێت بودجەی عێراقیش کە ئێستا قەبڵێنراوە، زۆر کەم دەبێتەوە، ".



ئاشکراشی کرد: "میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ھەر شوێنێک دەستی بەسەردا بگرن، ئەوا جگە لە ئەنجامدانی کردەوەی توندوتیژی دژ بە ھاووڵاتییان، کاریان بەتاڵانبردنی نەوتیشە و بە تانکەر ئەو نەوتانە دەبەن بۆ ئێران".



پێوەند بەم باسە، عیرفان کەرکووکلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ (باس) گوتی: "بڕی ھەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بۆ دەرەوە نازانین، چونکە ئاشکرا ناکرێت، بەڵام ئەوە دەزانین کە نەوتی کەرکووک بە تانکەر دەچێت بۆ ئێران".



کەرکووکلی گوتی: "نەوتی کەرکووک خێری نەبووە بۆ کەرکووکییەکان، تەنیا لەم دوو سێ ساڵەی ڕابردوو، کاتێک کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دوو کێڵگەی نەوتی کەرکووکەوە نەوتی ھەناردەی دەرەوە دەکرد و لەبەرامبەردا مانگانە بڕی ١٠ ملیۆن دۆلاری وەک بودجەی پترۆدۆلاری شارەکە دەنارد بۆ کەرکووک".



لە لایەکی ترەوە، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، بە ھاوکاریی گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ناو یەکێتی، لە ڕێگەی کۆپتەرەوە خۆیان گەیاندە سنووری ناحیەی زینانەی سەر بە شاری کفری و ئێستاش ھەوڵی دەرھێنانی نەوتی ناوچەکە دەدەن“.



سەرچاوەیەک لە سنووری کفری بۆ (باس) ڕای گەیاند: "ژمارەیەک لە چەکدارانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران، سەردانێکی مەیدانییان بۆ گوندی (پەڵکانە)ی سەر بە شارەدێی زینانەی سەر بە کفریان کردووە و ڕووماڵێکی ناوچەکەیان کردووە و پاشان بەرەو شوێنی نادیار ڕۆیشتوون".



سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، دواتر ئەو چەکدارانە جارێکی تر سەردانی گوندی بەڵکانەیان کردووە و مەبەستی سەرەکییان دەست بەسەرداگرتنی بیرە نەوتەکانی ئەو گوندەیە.



دلێر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری شارەدێی زینانە، بۆ (باس) ڕای گەیاند: "بیرە نەوتەکانی گوندی پەڵکانە تازە نین و زۆر کۆنن، لە سەردەمی رژێمی بەعسدا ئەو بیرە نەوتانە دۆزراونەتەوە و پاشان جێیان ھێشتووە و ھی ئەم سەردەمە نییە و پاشان کە لە سەردەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆمپانیا نەوتییەکان ھاتن کاریان تێدا کرد، بەڵام دواتر داخراون و نەوتیان لێ دەرنەھێنراوە".



بەپێی زانیارییەکان، گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەری ناو یەکێتی ئاگاداری ھەموو جموجۆڵێکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبین و چەند ڕۆژێک پێش ئێستا بەبیانووی گەیاندنی کۆمەک بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی دەربەندیخان، ژمارەیەک چەکداریان بردووەتە ئەو شارۆچکەیە.

پێشتر (باس) بڵاوی کردەوە کە ڕۆژانە ملیۆنێک دۆلار بۆ گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەری ناو یەکێتی لە داھاتی ئەو نەوتە دەڕوات.



کاروان مەحمود، ھاووڵاتییەکی دانیشتووی شارەدێیی زینانەی سەر بە کفری ڕای گەیاند: "بینیم شەش ھەلیکۆپتەری سەربازی لەنزیک زینانە بۆ ماوەیەک نیشتنەوە و دوو ھەلیکۆپتەریش لە ئاسمان مانەوە و چاودێریی دەکردن و دواتر ھەڵسان و رۆیشتن".



ئەوەشی خستە ڕوو، کە ھەمان رۆژ دوو ھەلیکۆپتەریان بینیوە لەنزیک گوندی پەڵکانە سەر بە زینانە نیشتوونەتەوە.



قسەکانی ئەو شایەتحاڵەش ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە ھاتنی ئەو کۆپتەرانە و ئەو چەکدارانەی حەشدی شەعبی بۆ سنووری زینانە، کە حەشدی شەعبی دەیانەوێت دەست بەسەر بیرە نەوتەکانی گوندی پەڵکانەدا بگرن.



ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.




باسنیوز
Top