سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان : ئەنجامی ریفراندۆم رۆژێک هەر دەچەسپێ
لە راگەیەندراوەکەدا، کە وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، دادگای فیدڕالیی عێراق چاوپۆشیی لە هێنانە ناوەوەی هێزی دەرەکی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە لە دژی کوردستان، کرد.
کاکە حەمە بڕیارەکەی دادگای فیدڕالیی عێراق بە نایاسایی و نادەستووری دادەنێت و ئاماژە بەوە دەکات، کە بەپێی دەستووری عێراق، عێراق لە یەکگرتنی کوردستان و عێراق بەشێوەیەکی ”ئیختیاری“ پێک هێندراوە.
سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان هەروەها رایدەگەیەنێت، کە ئەنجامی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بە دادگای فیدڕالیی عێراق و بە هیچ هێزێک هەڵناوەشێتەوە و بووە بە ”تاپۆی رەش“ و رۆژێک دێت ئەنجامی ریفراندۆمەکە ”هەر دەچەسپێ“.
رۆژی دووشەممە 21/11/2017، دادگای فیدڕالیی عێراق رایگەیاند، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەستووریی نەبووە.
رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017، هاووڵاتییانی باشووری کوردستان لە ریفراندۆمێکدا، چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و زیاتر لە %92ـی دەنگدەران دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق، دا.
دەقی راگەیەندراوەکەی سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان:
بریاری یەکلانەی دادگای فیدرالی عێراق
پاش ئەوەی ھەرێمی کوردستان ،پرۆژەی راپرسی بۆ ھەرێمی کوردستانی خستە بەردەم دەنگی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان ، تەواوی لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان پشتگیریی سەرخستنی پرۆژەکەیان کردو پەرلەمانی کوردستانیش بۆ ئەو مەسەلە چارەنووس سازە کردیە بڕیارو دەنگی ئەرێنی لەسەردراو ە ٢٥/٩ی ٢٠١٧شدا کەرنەڤاڵی راپرسی بۆ سەربەخۆیی ھەرێم سەرکەوتوانە ئەنجامدرا ،ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەی ھەرێم کاردانەوەی خێرای بەدوایی خۆیدا ھێنا و بۆ دۆست و ناحەزانی کورد بووە مایەیی سەرنج ،بەتایبەت بۆ حکومەتی عێراق کەوتە پیلانی دوژمنکارانە لەسەر پرۆژەی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان و جێ بەجێ کردنی ئەجیندای سەربازی و ھێرش و پەلاماردان و تەوق کردنی ھەرێمی کوردستان بە گەمارۆدانی ئابوری و نەھێشتنی جوڵەی ئاسمانی بەداخستنی فرۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان ، بەڕووی گەشتیاران و ھاووڵاتیانی ھەرێم ،تەنھاو تەنھا لەپێناوی ئەوەی کە میللەتێ داوای یاسایی و ئاسایی خۆی کردوە و دەیەوێ لەڕێگای ریفراندۆمەوە ئاستی پەیوەندیەکانی لەگەڵ دەوڵەتی فیدرالی عێراق دا دیاری بکات ،بەبێ خوێن ڕشتن و کاولکاری ،کێشەکانی سەدساڵی ڕابردووی کوردستان لەگەڵ عێراق دا بەڕێگایەکی تەندروست و سەردەمیانە چارەسەری ڕیشەیی بۆ بکرێ ، لەبەرامبەردا حکومەتی عێراقی نەک ھەر ئامادەی ووتوێژو دانوستاندن نەبوو لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی ھەرێم بەڵکو بووبە چاوساغ و دەرگای ئەو دەوڵەتەی کە خۆیان پێان وایە دەبێ دەستور جێ بەجێ بکرێ لەسەرتاسەری عێراق دا بەھەرێمی کوردستانیشە وە ،بەڵام خۆیان دەستوریان پێشێلکرد و پەنایان بۆ ھێزی دەرەکی برد بۆ ناو عێراقی دەستوریەوە ؟ بەبێ ئەوەی دادگای فیدرالی عێراق ئەو تاوانە بکا بەدۆسیەی لێکۆلینەوەکانی و بریاری یاسای و نیشتمانی لەسەر دەربکات ، ئەبوایە دادگای فیدراڵی عێراقی بەدوای کوشتنی دەیان کەس لە کەرکوک و دوز و ئاوارەبونی خەڵکی ئەوناوچانە برۆشتایە ،یاخود تەسلیم کردنی شاری موسڵی دووەم گەورەترین شاری عێراق بە ھێزی تیرۆریستی وەک داعش ،بەمەرجێ چەندین لیوای سەربازی و ھێزی پیادەو تۆپخانەو پولیسی فیدرالی و ھێزی موکافەحەی ئیرھاب لەموسڵدا بوون ،بەسانایی و بێ شەڕ ڕایان کردو و چەک و جبەخانەکانی سوپای عێراقی مەشق پێکراو بە ڕاھێنەرانی ووڵاتانی تەحالفی ئەمریکی بەدیاری بدەن بەدەست ھێزی چەکدارانی داعش ، دادگای فیدرالی عێراق لەسەر فرۆشتنی شارێکی مێژوویی ووڵاتەکەی بە ھێزی بێگانە ،نەھاتە سەر خەت و ەرانی گەورە بەرپرسی سوپا و بەرپرسی یەکەمی ھێزە چەکدارەکانی عێراق بەوتاوانە نیشتمانیە بداتە دادگاکەی بەناوی مەحکەمەی فیدرالیەوە؟
کاتێ خەڵکی کوردستان دەیەوێ ڕای خۆی ئازادانە بڵێ لە پرۆسەیەکدا لەبەرچاوی دنیاوە ،دادگای فیدرالی عێراق بەناوی تانەدان لە پرسی ڕاپرسی ھەرێم دێت ئیرادەی میللەتێک پێشێل بکات کەزیاتر لە ۳ملیۆن دەنگی داوە کۆمەڵێ بڕیاری نابەرپرسانە دەر دەکا بەبێ ئەوەی پشت ئەستوربوبێ بەبنەما دەستوریەکان لەعێراقدا و ڕاپرسی و ریفراندۆمی کوردستان بە ناشەرعی و نا دەستوری ناو دەبات .لەکاتێکدا لەدەستوری نوێی عێراقی فیدراڵدا ھاتوە عێراق دوو گەلی سەرەکی تیادەژی کورو عەرەبە کە پێویستە زمانی فەرمی لەعێراقدا بەو دووزمانە بێ ،واتە لەعێراقدا ژیانی ئەو دوو گەلە لە باشترین حاڵەتیدا پێکەوەژیانیان ئیختیاری دەبێ بۆ مانەوەو جیابونەوە لە عێراقی یەکگرتوودا ؟ بەڵام دادگای فیدرالی عێراق یەکلایەنە دەکەوێتە ژێر فشاری سیاسی و شۆڤینی عەرەبی و ئەو بریارە نایاسایی و نادەستوریە دەردەکات لەدژی مییللەتێ ،کەبەدرێژایی مێژووی دروستکردنی عێراق ،ھەمیشە کورد باجی ئەو بندەستی یەی داوە و بەردەوام لە حوکمرانی یەک لەدوای یەکی عێراق گەورەترین تاوانی جینۆسایدو کیمیایی و ڕەشەکوژی لەدژی کورد ئەنجامی داوە کە کورد بە ووتەی خۆیان ھاووڵاتی پلە یەکی عێراق بووە؟
لەسەروبەندی عێراقی نوێشدا ،دەسەڵاتدارانی عێراق وەک پیشەی لەپێشینەیان ، نەک ھەر ڕاستگۆ نەبوون لەگەڵ وادەو بەڵینەکانیان لەگەڵ کورد ،کاتێ شتێ نەمابوو بەناوی عێراقەوە ،کورد خاوەنی کیانی ئیداری خۆی بوو وەک ئەمری واقیع ،لەکاتی ھاتنی داعش و داگیرکردنی شارو ناوچەکانی سونەنشین ،جارێکی تر کورد لەسەر ھەڵوێستی نیشتمانیانەی پەیگربوو بەداخەوە ئەوان بەدوای ئەوەدا دەگەران لەپشتەوە خەنجەری ژەھراویان لە کورد بدەن وەک چۆن لەکەرکوک دایان ؟
ئێستاش دادگای فیدراڵی عێراق کەئێمە بە بێلایەنی نازانین بە چ پێوەرو یاساو بنەمایەک دێت دەنگی تە واوی دەنگ دەرانی خەڵکی کوردستان دەخاتە خانەی ناشەرعی بوونەوە کە خۆی لەخۆیدا بەپێی دەستور ریفراندۆم یاساییە ؟
رفراندۆم نە بە دادگای فیدرالی عێراق و نەبەپشت تێکردنی ووڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی وەک ئەمریکاش ناتوانێ ھەڵی بوەشێنێتە وە،؟ بەڵکو ریفرانۆم بووبە تاپۆیەکی ڕەش بۆ خەڵکی کوردستان تەنھا جەماوەری کوردستان دەتوانێت ئەنجامی راپرسی ھەڵبوەشێنێتەوە ، گەر نەیار و ناحەزانی جەماوەری کوردستان بە دادگای فیدرالی عێراقەوە ،توانیبێتیان ،پرۆسەکە دووربخەنەوە لە جێ بەجێ کردنی ئەوا بەدڵنیایەوە ریفراندۆم بووبە بەڵگە نامەیەکی مێژوویی ھەرێمی کوردستان ،،تەنانەت حکومەتی عێراق و ھیچ کەس و لایەنێک و ناحەزێک پێی خۆش بێ یا نا ،ھەر دەچەسپێ.
محمد حاجی محمود
باسنیوز
