مامۆستایانی زانکۆ: کورد بە بەهێزییەوە دانوستان لەگەڵ بەغدا دەکات

 	 مامۆستایانی زانکۆ: کورد بە بەهێزییەوە دانوستان لەگەڵ بەغدا دەکات
مامۆستایانی زانكۆ لە سۆران دەڵێن، ئێستا هەڵوێستی كورد لاواز نییە، بەتایبەتی پاش ئەو بەرگرییەی كە لە پردێ و ناوچەی بادینان كرا، هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بۆیە نابێ كورد بە لاوازی تەماشای خۆی بكات، هەتا لە دانوستاندنەكانیش لەگەڵ بەغدا، بەڵكو دەبێت بە هێزەوە بچینە دانوستاندن و گفتوگۆ.

(د. خالس محەمەد)، مامۆستای زانكۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''دەبێت حكوومەتی هەرێم لەسەر ئەو هەڵوێستەی خۆی بەردەوام بێت و بەردەوام تەئكید لەوە بكاتەوە كە ئێمە دەمانەوێت بە گفتوگۆ و دانوستاندن چارەی كێشەكانمان لەگەڵ بەغدا بكەین، چونكە ئەو وەرەقەیە، وەرەقەیەكی بەهێزە بە دەست ئێمەوە، ئەوان پێشێلی دەستووریان كردووە، پێشێلی ئەوەیان كردووە، كە نابێ بە هیچ شێوەیەك لەشكری عێراق، هیچ هێزێكی عێراقی هێرش بكاتە سەر كورد، بەڵام ئەوان ئەو كارەیان كردووە.''

(د. خالس محەمەد) ڕوونیشی كردەوە: ''عێراق باس لە هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم دەكات، ئایا كوردیش بەوە ڕازی دەبێت، كە ئەوە دەنگی خەڵكی كوردستانە كە داوای كردووە دەمەوێت سەربەخۆ بم، ئێمە دەتوانین هەڵیبوەشێنینەوە، ئەوە لە دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا نییە، پێشتر لە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیشدا نەبوو، مەگەر بە ڕیفراندۆمێكی دیكە ئەو كارە بكرێت، بۆیە نابێ ئێمە لەسەر ئەوە سازش بكەین، سڕكردنی ڕیفراندۆم شتێكی ئاساییە، ئێستا كە ڕیفراندۆم سڕ كراوە، لە داهاتوودا بە باشی لێی دەردەچین.''

(د. ڕازی ڕەمەزان)، مامۆستای زانكۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: ''ئێستا هەڵوێستی كورد لاواز نییە پاش ئەو بەرگرییەی كە لە پردێ و ناوچەی بادینان كردی، هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش گۆڕانكاری بەسەر هاتووە، بۆیە نابێ كورد بە لاوازی تەماشای خۆی بكات، هەتا لە دانوستاندنیش لەگەڵ بەغدا، كە ئەگەرێكی زۆرە نەخشەی سیاسیی ناوچەكە گۆڕانكاری بەسەردا بێت، ئێستا وڵاتانی ناوچەكە دژایەتیی ئێران دەكەن، ئەگەر ئێران بێهێز بێت، نەیارانی كوردیش بێهێز دەبن، چونكە نەیارانی كورد پشت بە ئێران دەبەستن، فراوانبوونی ئێران زیان لە ستراتیژی ئەمریكا و كۆمەڵێك وڵاتی دیكە دەدات، بۆیە نابێ لە دانوستاندنەكاندا هەڵوێستێكی لاواز بنوێنین، بەڵكو دەبێ بە هێزەوە بچینە دانوستاندن و گفتوگۆ.''

(د. ڕازی ڕەمەزان) زیاتر دەڵێت: ''بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بڕیارێكی زۆر ڕاست و دروست بوو، ئەگەر ڕیفراندۆمیش ئەنجام نەدرابایە، ئەوان هەر لە بەهانە دەگەڕان، بەتایبەتی دواخستنی ڕزگاركردنی شاری حەویجە، چونكە كوكردنەوەی هێز بۆ حەویجە نەبوو، بەڵكو بۆ سەر كوردستان بوو، بۆیە ئەوەی من تێدەگەم، بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بڕیارێكی زۆر ڕاست بوو.''
kdp-
Top