سەرکردەیەکی یەکگرتوو: ھیچ دامەزراوەیەک ناتوانێت ڕیفراندۆمەکەی ھەرێمی کوردستان ھەڵبوەشێنێتەوە
خەلیل ئیبراھیم، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ڕایگەیاند: "ھەموو ئەو شتانەی ڕوویاندا بەھۆی ئەو لێکترازانەی ناو ماڵی کوردستانەوە درووست بوو، بۆیە ئێستا گرنگترین کار کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان بیکەن، ئەوەیە کە یەکڕیزی ناو ماڵی کورد دروست بکەنەوە، دەستنیشانی ھەڵە و کەموکورتییەکان بکەین و بەخۆماندا بچینەوە، ھەروەھا متمانە بۆ میللەت دروست بکەینەوە".
ئەو سەرکردەیەی یەکگرتوو، بە پێویستی دەزانێت کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی کۆ بکاتەوە، کارنامە و ستراتیژی خۆی دیاری بکات، ئەجێندا و بەرنامەی خۆی بۆ دانیشتن و گفتوگۆ و دانووستان لەگەڵ بەغدا دەستنیشان بکات".
ئاشکراشی کرد، کە ھیچ دامەزراوەیەک ناتوانێت ڕیفراندۆمەکەی ھەرێمی کوردستان ھەڵبوەشێنێتەوە، چونکە بڕیاری گەلی کوردە و گەلیش لەسەرووی ھەموو دەسەڵاتەکانەوەیە.
باسنیوز
